هاووڵاتییان دڵخۆشن بە سیستەمی کارتی ئەلیکترۆنی؛ مافی هیچ کەسێک نافەوتێت
لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرمادا، نۆرەی وەرگرتنی نەوت دوورودرێژتر بووە، لەم وەرزەدا خواست لەسەر نەوت زیادتر، ئەمساڵ نەوت بە کارتی ئەلیکترۆنی دابەش دەکرێت، ئەمەش وایکردووە پڕۆسەکە بێ گرفت بەڕێوە بچێت، تەنیا کێشەی هاووڵاتییان ئەوەیە، لە زۆر وەستانیان لە نۆرەی نەوت. لەلایەن بریکارەکانەوە وا تێگەیەنراون، ئەگەر لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا نەوتەکە وەرنەگرن، مافیان دەفەوتێت.
بێستون سەرتیپ، کاسبکار بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو پڕۆسە زۆر باشترە، لەبەرئەوەی ئەلیکترۆنییە، کارتەکەی خۆت پێیە، هەر کات ئارەزووت لێبێت وەریدەگریت، بەڵام خەڵک وا تێگەیەندرابوو ئەگەر وەرینەگرن بەشە نەوتیان دەفەوتێت، بەڵام شتی وا نییە. بە پێوەر 100 لیتر خۆت وەردەگری، تاکە کێشە ئەوەیە، ئەو گەڕەکە پێنج شەش بەنزینخانەی لێیە، با دابەشیان سەر هەموویان بکرێت..
فەرهاد زاهیر، کاسبکار گوتی: کارتی ئەلیکترۆنییەکە زۆر زۆر باشە، بە پێوەر تێدەکرێ، هیچ فێڵێکی تێدانییە، پێشتر تەنکەرەکان کەمتریان لە بەرمیلەکان دەکرد، زیاد و کەمی هەبوو، 10 ڕۆژ جاری وا بوو بەرمیل لەبەر بارانێ بوو، ئاوی دەچووە ناوی، کێشە زۆر بوو. بە یەک ڕۆژیش دەبوا وەربگیرێ، بەەڵام ئێستا بە مانگێک دەتوانی بیی وەربگری.
سەنتەری شاری هەولێر پێویستی بە 45 ملیۆن لیتر نەوتە، بڕیاربوو حکومەتی عێراق دابینی بکات، بەڵام تا ئێستا تەنیا 15 ملیۆن لیتر نەوتی دابینکردووە، بڕەکەی دیکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابینی کردووە و بە نەوتی پاڵپشتیکراو، 100 لیتر بە نرخی 31 هەزار دینار بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەکرێت.
سالار محەممەد، بەرپرسی پشکنین وبەدواداچوون لە بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر گوتی: هەر بریکارێکی خۆراک دەیتوانی نەوت بەسەر 150 خێزان دابەش بکە، بەڵام ئێستا هەردوێنێ 854 خێزان نەوتی وەرگرتووە، ئاماژەی بەوەشدا، هەتا یەک هاووڵاتی مابێت لە وێستگەکان دابەشکردن بەردەوام دەبێت. دەتوانن لە ڕێگەی بریکارەکانی خۆراک سەردانیان بکەن و پارەی خۆیان دەدەن و بریکارەکانیش زانیارییەکان کۆدەکاتەوە و دەيباتە کۆمپانیا، لەوێ بەپێی ڕێککەوتێک کارتەکەیان دەتوانن بەدەست بێننەوە.
پڕۆژەی دروستکردنی کارتی ئەلیکترۆنی بۆ دابەشکردنی سووتەمەنی نەوت و گاز، ئامانج لە پڕۆژەکە خزمەتگوزاری گشتییە بۆ هاووڵاتییان، بۆ ئەوەی مافی هەر تاکێک پارێزراو بێت و ڕێگر دەبێت لە دروستبوونی هەر کێشەیەک لە بەشی سووتەمەنی هاووڵاتییان.