دوای زیاتر لە دوو مانگ ونبوون، جاک ما دەرکەوتەوە

"چین بەرەو گەشەسەندنی زیاتر هەنگاو دەنێت"

جاک ما، وێنەکە لە گرتەی ڤیدیۆیی دەرکەوتنەوەی وەرگیراوە
جاک ما، وێنەکە لە گرتەی ڤیدیۆیی دەرکەوتنەوەی وەرگیراوە

K24 - هەولێر

جاک ما، ملیاردێری ناسراوی چینی و دامەزرێنەری عەلی بابا، دوای دوو مانگ لە دیارنەمانی، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی ئۆنلایین دەرکەوتەوە، بەمەش کۆتایی بە چەند هەفتەیەک لەو دەنگۆیانە هێنا کە لەسەر ونبوونی دەکران.

ما، بە سامانی 58 ملیار دۆلار یەکێکە لە دەوڵەمەندترین کەسانی چین، دوای ئەوەی لە مانگی نۆڤەمبەری رابردوو رەخنەی لە سیستەمی ئابووری چین گرت، هیچ دەرکەوتنێکی نەبوو و لەوکاتەوە لەبەرچاوان ونببوو.

بەیانیی ئەمڕۆ، ما لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەرکەوتەوە کە تێیدا پیرۆزبایی لە مامۆستایانی شوێنە دوورەدەستەکان دەکات لە مەراسیمی خەڵاتکردنی ساڵانەیاندا. ئەو مەراسیمە ساڵانە لەلایەن رێکخراوە خێرخوازییەکەی رێکدەخرێت.

لە گوتارەکەیدا، جاک ما ستایشی هەوڵەکانی چین دەکات بۆ کەمکردنەوەی هەژاری و پەیمان دەدات هەوڵی زیاتر بدات بۆ یارمەتیدانی مامۆستایانی شوێنە دوورەدەستەکان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا، دەڵێ "چین لەنێو قۆناغێکی نوێدایە و بەرەو گەشەسەندنی زیاتر هەنگاو دەنێت".

 

 

Fly Erbil Advertisment