دیارترین ملیاردێری جیهان بێسەروشوێن دەبێت

"دوای ئەوەی رەخنەی لە سیستمی چین گرت، دیارنەماوە"
جاک ما ملیاردێر و دامەزرێنەری کۆمپانیای عەلی بابا بۆ بازرگانی ئەلیکترۆنی
جاک ما ملیاردێر و دامەزرێنەری کۆمپانیای عەلی بابا بۆ بازرگانی ئەلیکترۆنی

K24 - ھەولێر

رۆژنامەیەكی بەریتانی رایگەیاند، "جاک ما"، ملیاردێر و دامەزرێنەری کۆمپانیای عەلی بابا بۆ بازرگانی ئەلیکترۆنی دوای ئەوەی رەخنەی لە سیستمی چین گرت، دیارنەماوە و ھیچ لەبارەیه‌وه‌ نازانرێت".

بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی، "جاک ما" پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ سیستمی شیوعی چینی هەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی رەخنەکانی لە سیستمی وڵاتەکە و سیستمی بانکەکانی سەر بەدەوڵەت کە لە کۆنفڕانسی تەکنەلۆژیای دارایی لە مانگی تشرینی یەکەم ئاماژەی پێدا بوو، ئێستا حکومەتی چین دژی وەستاوەتەوە.

لە هەمانکاتدا، بڕیار بوو ئەو کەسایەتییە چینییە بەشدار بێت لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی بە رێبەرانی کاری تازە پێگەیشتووەکان بە ناوی "پاڵەوانانی کار لە ئەفریقا"، کە لە لایەن دامەزراوەی خێرخوازی "جاک ما" بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەرنامەکە بێ بەشداری "جاک ما" بەڕێوەچوو و تەنانەت ناویشی لە بڕگەی رێکلامەکانی پرۆگرامەکە دەرهێنرابوو.

سامانی "جاک ما" لە مانگی تەممووزی 2020 بە 48.2 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرا، ئەو دووەم دەوڵەمەندترین کەسە لە چین، لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبەری 2020، لەناو خەڵکدا دەرنەکەوتووە و کەس نەیبینیوە.

گومان له‌ باره‌ی دیارنەمانی "جاک ما" لە هەڵکشانه‌، دوای ئەوەی پەکین لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی 2020 بە تۆمەتی قۆرخکاری دەستی بە لێکۆڵینەوە لە دژی کۆمپانیای عەلی بابا کرد.

لە رۆژنامە بەریتانییەکەدا هاتووە: تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بەوەی ئەو ملیاردێرە چینییە دووچاری ئازاری جەستەیی بووبێتەوە.

"جاك ما"ی پێشتر مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو، لەدوای دامەزراندنی بازاڕی ئەلیکترۆنیی عەلی بابا، سامانەکەی پەیدا کرد. ئەو، رۆژانێک یەکێک بوو لە دڵخوازترین کەسانی رژێمی کۆمۆنیستی چین.

پرۆگرامی پاڵەوانانی کاری ئەفریقا، کە پرۆگرامێکە بۆ دیاریکردن و ناساندنی کەسانی لێهاتوو لە ئەفریقا لەلایەن دامەزراوەی "جاک ما"، دامەزراوە. ئه‌و خۆی یەکێک بوو لە دادوەرانی بەرنامەکەی، بەڵام لەناکاو گۆڕدرا، وێنەکەی لە وێبسایتی بەرنامەکە لادران. دواتریش ڤیدیۆکەی لە رێکلامی بەرنامەکە لادرا. هەرچەندە پێشتر تویتی کردبوو و نووسیبووی: "تامەزرۆم هەموو پێشبڕکێکارەکان ببینم".

گوتەبێژێکی عەلی بابا گوتی: "بەهۆی کاری زۆرەوە، جاك ما نەیتوانی بەشداربێت لە زنجیرەی کۆتایی پاڵه‌وانانی کاری ئەفریقا".

زنجیرەی کۆتایی بەرنامەکە، تەنیا چەند هەفتەیەک دوای ئەوە هات، کە "جاك ما" لە وتارێکدا رەخنەی لە یاسادانەر و بانکەکانی سەر بە حکومەتی وڵاتەکەی گرت.

مانگی رابردوو، دەسەڵاتدارانی چین لەناکاو رایانگەیاند، دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن لە کۆمپانیاکەی "جاك ما" بۆ ئەوەی بزانرێت، بازاڕی قۆرخکردووە یان نا.

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، "جاك ما" چالاکیی لە تویتەریش نەماوە، لەکاتێکدا هەفتانە تویتیک یان زیاتری دەکرد.

میدیاکانی ئەمەریکا باس لەوە دەکەن، ''هیچ بەڵگەیەک نییە "جاك ما" ئازاری جەستەیی درابێت، بەڵام چین بەوە ناسراوە زۆر بەتووندی مامەڵە لەگەڵ ئەوانەدا دەکات، کە لەدژی رژێم قسە دەکەن".

"جاک ما" تەمەنی 56 ساڵە و سامانەکەی بە نزیکەی 46 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بە کۆپیەکی ئاسیایی کۆمپانیای ئامازۆنی ئەمەریکایی دادەنرێت.