ترەمپ: لەگەڵ ئێران بە تەلەفۆن لە دانوستان داین
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە راستەوخۆ بە تەلەفۆن لەگەڵ تاران لە پەیوەندیدایە، بەڵام پێشنیازەکانی ئێرانی بە "ناپەسند" وەسف کرد و راشیگەیاند ئەو وڵاتە هیچ هێزێکی بەرگریی بۆ نەماوەتەوە، هاوکات ئاماژەی بە بوونی لێکترازانێکی قووڵ لە نێوان گرووپە بڕیاردەرەکانی تاران کرد کە بووەتە رێگر لە گەیشتن بە رێککەوتن.
هەینی 1ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "لە رێگەی تەلەفۆنەوە دانوستان لەگەڵ تاران دەکەین،" بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە دوایین پێشنیازی ئێران رازی نیم.
ترەمپ رەخنەی توندی لە شێوازی بڕیاردانی تاران گرت و گوتی: "ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن چونکە هیچ سوپایەکیان نەماوە؛ نە هێزی دەریایی، نە ئاسمانی و نە بەرگری ئاسمانی." هەروەها ئاماژەی دا، سەرکردایەتی ئێران زۆر پەرتەوازەیە و دابەشبوون بەسەر 2 بۆ 4 گرووپدا و ناتوانن لەگەڵ یەکتر هەڵبکەن، هەرچەندە هەموویان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن بەڵام شڵەژاون.
ترەمپ سەبارەت بە تێپەڕبوونی 60 رۆژ بەسەر چالاکییە سەربازییەکان و پێویستی رەزامەندی کۆنگرێس رایگەیاند: "هیچ وڵاتێکی تر ئەمەی نەکردووە. زۆرینەی خەڵک بە نادەستووریی دەزانن." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاگربەستەکە کاتی زیاتری پێ بەخشیوون، بەڵام وڵاتەکەی (ئەمریکا) لە رووی سەربازییەوە بۆ ماوەیەک رێگەی خۆی ون کردبوو، بەڵام ئێستا لەبەردەم سەرکەوتنێکی گەورەدان کە لە دوای ڤەنزوێلاوە وێنەی نەبووە.
سەبارەت بەوەی ئایا نیگەرانە لە نەمانی چەک لە کۆگاکاندا، ترەمپ گوتی: "نەخێر، ئێمە ئێستا چەکمان زیاترە لەوەی پێشتر هەمانبووە. لە هەموو جیهان کۆگامان هەیە و دەتوانین بەکاریان بهێنین. ئێمە ئێستا ئامادە و پڕچەکین."
ترەمپ نیگەرانی خۆی لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا دەربڕی و ئاماژەی دا، "ئەوان پێیان وایە ئاساییە ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت. هەر کەسێک وای پێ باش بێت، مرۆڤێکی زیرەک نییە."