پۆلیسی هەولێر تۆمەتباری رووداوەکەی بنەسڵاوەی دەستگیرکرد

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا تۆمەتباری سەرەکیی رووداوێکی کوشتن لە قەزای بنەسڵاوە دەستگیربکەن، کە تێیدا هاووڵاتییەکی تەمەن 55 ساڵ بە تەقە کرابووە ئامانج و گیانی لەدەستدابوو.

شەممە 13ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، شەوی رابردوو رێکەوتی 12ی حوزەیرانی 2026، کاتژمێر 11:00ی شەو، هێزەکانی پۆلیس ئاگادارکرانەوە لە هەبوونی رووداوێکی کوشتن لە قەزای بنەسڵاوە.

دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان، دەرکەوت کە قوربانییەکە ناوی (عەبدوڵڵا رەسووڵ ئەحمەد)ە و تەمەنی 55 ساڵە. ناوبراو پیشەی خانەنشینی پێشمەرگە بووە و دانیشتووی قەزای بنەسڵاوە بووە، کە بەهۆی تەقەکردنەوە گیانی لەدەستداوە.

پۆلیسی هەولێر جەختی کردەوە کە دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد، مەفرەزەکانیان توانیویانە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە بە ناوی (م. س. س) دەستگیربکەن.

ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە رێکخراوە و بەپێی (ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی) راگیراوە و رادەستی دادگا کراوە تاوەکو سزای یاسایی خۆی وەربگرێت.