ئامێدی دەبێتە سێگۆشەی بەرمۆدای گەشتیاران
ئیتر بە تەنیا سۆلاڤ و سروشت و هەڵکەوتەی ئامێدی، سەرنجی گەشتیاران راناکێشێت؛ بەڵکوو لەمەودوا گەشتیاران دەتوانن گەڕانێک بە نێو مێژووی هەزاران ساڵە و پێکەوەژیانی دەڤەرەدا بکەن.
پێشتر لە وەرزی هاویندا تەنیا هاوینەهەواری سۆلاڤ و دیمەنی پاییزانی سروشتی ئامێدی، سەرنجی گەشتیارانی رادەکێشا، بەڵام ئێستا پلان ئەوەیە رێگە بۆ گەشتیارانی ئایینی، مێژوویی و شوێنەواریش بۆ ئەو ناوچەیە بکرێتەوە؛ سێگۆشەیەک بسازێت کە گەشتیاران لە جوانی و مێژووەکەیدا، نقوم بن.
بە سەدان ساڵە موسڵمان، مەسیحی و جووەکان بە ئاشتییانە لەو ناوچەیدا دەژین، هەر بۆیە دەیان شوێن و مەزارگەی ئایینی لە ناوچەکەدا هەن، ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی حکوومەتی فەرەنسا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەیانە؛ ئەمەش لە پێناو راکێشانی گەشتیارانی ئایینی و مێژووییە.
منارە و قەڵای مزگەوتی ئامێدی، کەنیسەی کلدانییەکان، کەنیشتی کۆنی جووەکان، مەزاری پیرمەزبان و قوتابخانەی قوبەهان، ئەو شوێنانەن کە لە ژێر نۆژەنکردنەوە دان.
بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری پارێزگای دهۆک بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت"ئامانجمان بەگەشتیاریکردنی، ناوچە شوێنەوارییەکانە بە گشتی."
ئاماژەشی دا، پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە ئامێدی، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، ئێمەش دەمانەوێت ئەو مێژوو و تابلۆ جوانە، بە خەڵک بناسێنین. دەمانەوێت شوێنەوارەکان زیندوو بکەینەوە و گەشتیاران شارستانییەت و کولتووری ئەم ناوچەیە بە چاوەکانیان ببینین.
شارۆچکەی ئامێدی دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک و نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری دهۆکەوە دوورە. ئامێدی لەسەر لووتکەی چیایەک هەڵکەوتووە و نزیکەی 1500 خێزان، لەسەر رووبەری 17 کیلۆمەتری چوارگۆشە، بە یەکەوە دەژین. ئەو شارۆچکەیە بە هۆی هەڵکەوتی جوگرافییەوە، ناتوانێت چیتر بەرفراوانتر بێت.

قوبەهان؛ ئۆکسفۆردی کوردستان
قوتابخانەی قوبەهان، کە بێکەس بریفکانی وەک زانکۆی قوبەهان ناوی دەهێنێت، یەکێکە لەو شوێنانەی کە ماوەیەکە تیمەکان خەریکی نۆژەنکردنەوەینە.
بریفکانی دەڵێت: دەبووایە زۆر زووتر کارەکانی نۆژەنکردنەوەی زانکۆی قوبەهان تەواو کرابووایە، بەڵام لەبەر ئەم دۆخە و زۆری بارانی ئەمساڵ، کارەکان دواخران، بەڵام سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، کارەکان تەواو دەبن.
قوتابخانەی قوبەهان، یەکێکە لە گرنگترین و ناودارترین ناوەندە زانستی و شوێنەوارییەکانی مێژووی کوردستان و ناوچەی بادینانە.
قوتابخانەکە لە سەرەتای سەدەی 16ی زایینی لەلایەن سوڵتان حوسێن وەلی (یەکێک لە میرە ناودارەکانی میرنشینی بادینان) لە بناری قەڵای ئامێدی دروستکراوە. ناوی "قوبەهان" لە وشەی "قوبە" وەرگیراوە؛ بەهۆی ئەوەی تەلارسازیی بیناکە خاوەنی چەندین قوبەی گەورە و جوان بووە، کە لە بەردی تاشراو و گەچ دروستکراون.
ئەم شوێنە تەنیا قوتابخانەیەک نەبووە، بەڵکوو وەک زانکۆیەکی گەورەی سەردەمی خۆی بووە. قوتابییان لە سەرانسەری کوردستان، ئێران، تورکیا و وڵاتانی عەرەبییەوە بۆ خوێندن رێگەی ئامێدییان گرتووەتە بەر. لەو قوتابخانەیەدا وانەی ئایینی وەک (تەفسیر، فەرموودە، فیقە) و زانستەکانی وەک فەلەکناسی، پزیشکی، فەلسەفە و زمانەوانی تێدا خوێندراوە.
قوتابخانەکە خاوەنی کتێبخانەیەکی گەورە بووە کە هەزاران دەستنووسی دەگمەن و کتێبی گرنگی تێدا بووە، بەڵام بەهۆی شەڕ و هێرشە مێژووییەکانەوە لەسەر ناوچەکە، بەشێکی زۆری سووتا و فەوتان. لەم قوتابخانەیەدا خوێندن، مانەوە و خواردن بۆ هەموو قوتابییان بێبەرامبەر بووە و خەرجییەکەی لەلایەن میری میرنشینەکەوە دابین دەکرا.
ئەمڕۆ، پاشماوە و دیواری قوتابخانەی قوبەهان وەک شوێنەوارێکی مێژوویی گرنگ لە بناری قەڵای ئامێدی ماوەتەوە و ساڵانە گەشتیاران و مێژوونووسان سەردانی دەکەن.

تابلۆی گەورەتر
قوتابخانەی قوبەهان و ئامێدی، گۆشەیەکی بچووکی تابلۆ گەورەکەی هەرێمی کوردستانە. لەو هەرێمەدا بە دەیان ئایین و ئایینزا بەیەکەوە دەژین، هەر بۆیە سەدان شوێنەواری مێژوویی ئایینی و مەزارگەی لێیە؛ ئەمەش بێگومان وەک بەرپرسانی پەیوەندیدار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی لێ دەکەنەوە، "داینەمۆی سەرەکی گەشتیاری ئایینی و مێژووییە".
بە پێی ئامارەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا شەش هەزار و 224 مزگەوت و 273 کەنیسە، مەزارگە و پەرستگەی هەر 14 پێکهاتەی مەسیحیان لە کوردستان هەیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی دوای ساڵی 2005ـەوە، 20 کەنیسەی نوێ دروستکراون و 70%ـی کەنیسە کۆنەکانیش نۆژەنکراونەتەوە.
هەروەها بە سەدان شوێنەوار و مەزاری ئێزدی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی نەینەوادا هەن؛ کۆی گشتی شوێنە تۆمارکراوەکانیان دەگاتە 325 شوێن، کە پێکدێن لە 183 مەزار و 142 شوێنەواری ئایینی.
پەرستگەی لالش، ساڵانە سەرنجی نزیکەی 200 هەزار سەردانکەر لە وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە رادەکێشێت، بەتایبەتی لە ماوەی جەژنی ساڵانەی "جەمایێ"دا کە حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت.
هەروەها پەیڕەوانی ئایین و ئایینزاکانی سابیئەی مەندائی، کاکەیی، شەبەک، فەیلی و زەردەشتی بە ئازادی رێوڕەسمە ئایینییەکانیان دەکەن؛ تێکڕای ژمارەی ئەندامانی ئەم پێکهاتانە پێکەوە بە نزیکەی 100هەزار کەس دەخەمڵێندرێت.