ئەمریکا فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ لابردنی "سفر" لەسەر دینار

ئەمڕۆ چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بە کوردستان24ـیان راگەیاند، ئەمریکا فشاری خستووەتە سەر حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی پەلە بکات لە پرۆسەی لابردنی سفر لەسەر دیناری عێراقی. ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، رێگریکردنە لە بەکارهێنانی ئەو دراوانەی عێراق کە بە شێوەی نایاسایی بۆ دەرەوەی وڵات رەوانە کراون.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دراون بە کوردستان24، لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، دراوە کۆنەکان بەهای خۆیان لەدەست دەدەن و چیتر وەک دراوی فەرمی مامەڵەیان پێوە ناکرێت. بۆ گۆڕینەوەی ئەو دراوانە بە دراوی نوێ، خاوەنەکانیان ناچار دەبن سەردانی بانکەکانی عێراق بکەن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی سەرمایە دەرەکییەکان بۆ ناوخۆی وڵات.

ئەم پرۆسەیە لە لایەکی دیکەوە وەک میکانیزمێکی کۆنترۆڵکردنی گەندەڵی دەبینرێت. لە کاتی گۆڕینەوەی بڕە پارەی زۆر لە بانکەکاندا، سەرچاوەی دارایی ئەو کەسانە دەخرێتە ژێر لێکۆڵینەوە، ئەمەش رێگەیەک دەبێت بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی پارەی گشتییان بە تاڵان بردووە و لە بانکەکانی دەرەوە یان بە شێوەی کاش لە دەرەوەی عێراق کۆگایان کردووە.