زانیاریی نوێ لەبارەی سەرەتاکانی شەڕی 40 رۆژە بڵاودەبێتەوە
دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر شەڕی 40 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، وردەکاریی نوێ لەبارەی کۆبوونەوەیەکی سەرۆککۆماری ئێران لە کاتی مەترسیی بۆردومانکردنیاندا ئاشکرا دەبێت.
تا دێت زانیاریی نوێ لەبارەی سەرەتاکانی شەڕی 40 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بڵاودەبێتەوە.
لە کاتی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان و تەنیا چەند رۆژێک دوای دەستپێکردنی شەڕەکە و بەئامانجگرتنی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، دڵەڕاوکێیەکی زۆر ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی ئەو وڵاتەی گرتبووەوە.
ئیسماعیل سەقابی ئەسفەهانی، بەرپرسی باڵای وزەی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، لەو کاتەدا و لە ناوەڕاستی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە نیگەرانییەوە هۆشداریی دایە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و رایگەیاند، دەوروبەریان بە تەواوی گەمارۆ دراوە و ئەگەری هەیە دوژمن راستەوخۆ شوێنی کۆبوونەوەکەیان بۆردومان بکات.
بەڵام مەسعود پزیشکیان بە بێباکی و توندی وەڵامی دایەوە و گوتی: "بە دۆزەخ لێرە دەدات! ئایا من کۆبوونەوەکانی حکوومەت لە ترسی ئەوەی دوژمن هێرش دەکاتە سەرمان تێکبدەم و دایبخەم؟ با لێبدات!".
ئەو بەرپرسە روونیکردووەتەوە، سەرۆککۆمار زۆر بێمنەتانە گوتوویەتی با هەرچی دەکەن بیکەن و ئەو بەردەوام دەبێت.
شەڕی 40 رۆژەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران یەکێک بوو لە گرژییە سەربازییە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تێیدا چەندین پێگەی سەربازی و ژێرخانی وزەی ئێران کرانە ئامانج. بەهۆی ئەو شەڕەوە ئابڵۆقەی دەریایی خرایە سەر بەندەرەکانی ئێران و قەیرانێکی گەورەی سووتەمەنی و بەنزین لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا دروست بوو.
لەو شەڕەدا، عەلی خامنەیی، رێبەری پێشوو و چەندان فەرماندەی سەربازیی ئێران کوژران. سوپای پاسدارانیش، لەو ماوەیەدا رۆژانە بە درۆن و مووشەک هێرشی دەکردە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.