دەوڵەتی یاسا ناوی سێ کاندیدی بۆ وەزارەتی ناوخۆ بە زەیدی داوە

گوتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا راگەیاند، بۆ پڕکردنەوەی پۆستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سێ ناومان داوەتە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی.

ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە وەکو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سێ ناومان بۆ پڕکردنەوەی پۆستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوەتە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی، کە یەکێک لەوانە فەریق 'عەتا قاسم'ـە". کە لەکاتی پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی عێراق دەنگی پێویستی نەهێنا.

لە بارەی بوونی دەنگۆی محەمەد سوڵتان وەکو کاندیدی سەرەکی بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ کە ئەمڕۆ لە میدیاکان بڵاوبووەتوە، ئەو گوتەبێژە رەتی کردەوە هیچ لێدوانێک لەوبارەوە بدات.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بڕیاری لەسەر بەربژێرکردنی لیوا محەمەد سوڵتانی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆ داوە.

محەمەد سوڵتانی پێشتر پۆستی فەرماندەی پۆلیسی بەڕێوەبردووە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ دەستەی پشکنین، دواتریش بۆ دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.

پێشتر بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بوونی هەر جۆرە تێگەیشتن یان رێککەوتنێکی سەبارەت بە دەستبەرداربوون لە وەزارەتی ناوخۆ رەتکردبووەوە.

عوسمان شەیبانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەوبارەوە گوتیەتی "هاوپەیمانییەکە ناوی بەربژێرەکانی بۆ هەردوو وەزارەتی ناوخۆ، خوێندنی باڵا رەوانەی سەرۆکوەزیران کردووە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی وەزیرەکان لە رۆژانی داهاتوودا."

پەرلەمانی عێراق لە 14ـی ئەیلوولی 2026 متمانەی بە حکوومەتی عەلی فالح زەیدی و بەرنامەی وزارییەکەی بەخشی، هەروەها دەنگی بە 14 وەزیر لە کۆی 23 وەزیر دا، لەکاتێکدا نۆ وەزارەت بەهۆی ناکۆکی لەسەر ناوەکان، پشکی لایەنەکان دواخران، کە وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، خوێندنی باڵا، پلاندانان لەنێویاندا بوون.