چیڕۆکی خواکورک و 52 رۆژی خوڕاگریی پێشمەرگە لە هەولێر نمایش کرا
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، فیلمی دۆکیۆمێنتاری "52 رۆژ"، لە دەرهێنانی کرمانج مستەفایە و باس لە گرنگیی رۆڵی سەرۆک بارزانی و خۆڕاگری هێزەکانی پێشمەرگە لە داستانی خواکورک دەکات، لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر نمایش کرا.
چوارشەممە، 26ی ئابی 2026، کرمانج مستەفا، دەرهێنەری ئەو فیلمە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو فیلمە دۆکیۆمێنتارییە، لە بیرۆکەی نینۆس نەمرودە و لە نووسینی مستەفا حەمەد ئەمینە، خۆم کاری دەرهێنانم بۆی کردووە. سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن کامیل فەخرەدین دانراوە و شێروان ئەحمەد مۆنتاژی کارەکەی کردووە. ڤیدیۆی AI لەلایەن وەرین نەجات جێبەجێکراوە و بژار محەمەد کاری وێنەگرتنی فیلمەکەی کردووە و یوسف عوسمان رۆڵی سەرەکی لەو فیلمە دۆکیۆمێنتارییە دەگێڕێت."
گوتیشی، "داستانی خواکورک لە ساڵی 1988 روویداوە و یەکێکە لە ڕووداوە گرنگەکانی مێژووی بەرگریی پێشمەرگە لە دژی هێرش و هەوڵەکانی سوپای رژێمی پێشووی عێراق. لەو داستانەدا، هێزی پێشمەرگە بۆ ماوەی 52 رۆژ لە ناوچەیەکی شاخاویی و دژوار خۆڕاگریی کرد و بەرامبەر هێرشەکانی سوپا بەرگریی کرد و خۆی پاراست. ئەو خۆڕاگرییە لە مێژووی خەباتی کورددا وەک نموونەیەک لە ئازایەتی، خۆڕاگری و پایەداریی پێشمەرگە تۆمار کراوە."
ئەو دەرهێنەرە باس لە گرنگیی رۆڵی سەرۆک بارزانی لە داستانی خواکورک دەکات و دەڵێت، "رووداوەکانی خواکورک لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی بەڕێوەچووە و ئەم داستانە بە تێپەڕبوونی ساڵان، بووەتە بەشێک لە یادەوەریی مێژوویی خەباتی کوردستان. "52 رۆژ"، بە گواستنەوەی ئەو داستانە بۆ نێو سینەما، هەوڵ دەدات ئەو بەشە لە مێژووی کوردستان لە یاد نەچێت و بە شێوەیەکی نوێ بگەیەنێتە جیلی نوێ؛ نەک تەنیا وەک رووداوێکی مێژوویی، بەڵکو وەک چیرۆکی خۆڕاگری و بەرگریی مرۆڤەکان لەسەر خاک و ناسنامەکەیان."
کرمانج مستەفا جەختی لەوەش کردەوە، "نمایشکردنی ئەم فیلمە هەروەها دەکرێت بە هەنگاوێک بۆ زیندووکردنەوەی مێژووی نیشتمانی لە رێگەی هونەر و سینەماوە سەیر بکرێت؛ بە تایبەتی لە کاتێکدا کە سینەمای کوردی هەوڵ دەدات بەرهەمەکانی زیاتر لەسەر ڕووداوە مێژوویی و نیشتمانییەکان دروست بکات و ئەو مێژووە بە شێوازێکی نزیکتر بە جیلی نوێ بگەیەنێت."
لەلایەکی دیکەوە، شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر دەڵێت، "لە داستانی خواکورک دا، سەرۆک مەسعود بارزانی رۆڵێکی دیار و سەرەکی هەبوو و بەرگریی خواکورک بە سەرکردایەتیی راستەوخۆی ئەو بەڕێوەچوو. پێشمەرگە بەرامبەر هێزی سەربازیی رژێم خۆڕاگریی کرد، لە کاتێکدا سوپا تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگییان بەکار دەهێنا."
ئەوەشی گوت، "خواکورک لە مێژووی خەباتی کورددا بوو بە یەکێک لە وێستگەکانی خۆڕاگری و نیشاندانی توانای پێشمەرگە بۆ بەرگری لە خاک و مافەکانی گەل. بەڵام ئەو خەباتە تەنیا بە سەنگەر و شەڕ نەوەستا؛ بەڵکو بە تێپەڕبوونی ساڵان، لە قۆناخی سەربازییەوە بەرەو قۆناخی سیاسی و دامەزراوەیی گۆڕا."
شاخەوان مستەفا ئاماژەی بەوەش دا، "دوای راپەڕینی 1991، کوردستان چووە قۆناخێکی نوێ و لە 19ی ئایاری 1992دا یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و لە دوای ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا. بەم پێیە، مێژووی خواکورک دەتوانرێت بە زنجیرەیەک لە خەبات و گۆڕانکارییەکان ببینرێت؛ لە سەنگەرەکانی خواکورکەوە تا کورسییەکانی پەرلەمان، و لە بەرگریی پێشمەرگەوە تا دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەوە رێگەیەکی درێژخایەن بوو لە خەباتی چەکدارەوە بۆ دامەزراوەسازی و دەنگی سیاسی."
لە ساڵی 1988، ناوچەی خواکورک بووە مەیدانی یەکێک لە بەهێزترین وێستگەکانی خۆڕاگریی پێشمەرگە لە دژی هێرشەکانی سوپای رژێمی پێشووی عێراق؛ خۆڕاگرییەک کە 52 رۆژ بەردەوام بوو و بە بەشێک لە مێژووی بەرگریی کورد تۆمار کرا. ئێستا ئەو داستانە مێژووییە، بە فیلمی دۆکیۆمێنتاری "52 رۆژ" و لە رێگەی سینەماوە، لە هەولێر نمایش کرا تا یاد و کاریگەریی ئەو رووداوە بۆ جیلی نوێ بگوازرێتەوە.



