چەمچەماڵ.. پێشانگەی تایبەتی خۆشنووسی "قورئانی پیرۆز" کرایەوە

دانا دارا، هونەرمەندی خۆشنووس، 13یەمین پێشانگەی تایبەتی خۆشنووسی خۆی لەژێر ناونیشانی "قورئانی پیرۆز"، لە بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری چەمچەماڵ کردەوە.

سێشەممە، 25ی ئابی 2026، دانا دارا، هونەرمەندی خۆشنووس بە کوردستان24ی راگەیاند، "تابلۆکانم لەم پێشانگەیەدا، نووسینی عەرەبی و شێوە خۆشنووسییەکان رۆڵێکی سەرەکی دەبینن و هەندێک لە وشە و دەربڕینە ئایینییەکان بە شێوەیەکی هونەری لەسەر تابلۆکاندا پیشانم داوە. لە هەندێک تابلۆدا، پیت و هێڵەکان بە شێوەیەکی پێکەوەبەستراو دەردەکەون و دەبنە بەشێک لە پێکهاتەی گشتیی وێنەکە، بەجۆرێک کە خۆشنووسی تەنیا نووسین نییە، بەڵکو خۆی دەبێتە زمانێکی بینراو بۆ دەربڕینی بیرۆکە و هەست."

گوتیشی، "لە بەشێک لە کارەکانم دا رەنگە توند و روونەکانم بەکار هێناوە؛ وەک سور، زەرد، شین و رەش، لەگەڵ هێڵە خۆشنووسییەکاندا کۆنتراستێکی دیار دروست دەکەن. لە تابلۆیەکم دا رەنگی سور لەگەڵ شێوەیەکی خۆشنووسیی سپیم کۆکردووەتەوە، لە تابلۆیەکی دیکەدا شێوەیەکی خۆشنووسی لەسەر بنەمایەکی رەشی و رەنگی زەرد دیارە، هەروەها لە چەند بەرهەمێکی دیکەم دا شێوە و هێڵە خۆشنووسییەکان لەگەڵ رەنگی شین و زەرد تێکەڵ کراون."

ئەو خۆشنووسە باس لە تایبەتمەندی تابلۆکانی خۆی دەکات و دەڵێت، "یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی کارەکانم ئەوەیە کە پیت و وشە لە سنووری نووسین دەردەچن و دەبنە شێوەیەکی بینراو. واتە بینەر لە یەکەم ساتدا تەنیا بە وشەکە وەک دەق مامەڵە ناکات، بەڵکو هێڵ و پێکهاتە و ئاراستەی پیتەکانیش وەک بەشێک لە وێنەکە دەبینێت."

دانا دارا جەختی لەوەش کردەوە، "لەگەڵ ئەم تابلۆ خۆشنووسییانەشم دا، بەشێک لە بەرهەمەکانم روانگەیەکی جیاوازتر بۆ هونەری بینراو پیشان دەدەن؛ تێیدا گوڵ، رووەک و شێوە سرووشتییەکان دەبنە سەرچاوەی هەندێک لە پێکهاتەکان. ئەم کارانە لە رێگەی سادەکردنەوەی شێوە و بەکارهێنانی رەنگەکان، هەوڵم دەدەم  جیهانی خۆشنووسی لەگەڵ سروشت و نیشانە هونەرییەکان نزیک بکەمەوە."

دەربارەی گرنگیی ناونیشانی پێشانگەکە، دانا دارا دەڵێت، "ناونیشانی پێشانگەکەشم، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە سەرچاوەی ئەو دەقانەوە هەیە لە کارەکانی پێشانگەکەم دا بە شێوەی خۆشنووسی پیشانم داوە. قورئان بۆ من تەنیا سەرچاوەی دەق نییە، بەڵکو جیهانێکە لە وشە و واتا و هێڵ و شێوە کە دەتوانرێت لە رێگەی هونەرەوە بە شێوەیەکی بینراو پیشان بدرێت."

دانا دارا، هونەرمەندی خۆشنووس، دانیشتووی چەمچەماڵە. تا ئێستا بەشداری چەندین پێشانگەی هاوبەشی خۆشنووسی کردووە و 13یەمین پێشانگەی تایبەتی خۆشنووسی کردۆتەوە.