ئەمریکا ستراتیژیی نەوتهەڵگر بەرامبەر نەوتهەڵگر لە دژی ئێران راگەیاند

ئەمریکا ستراتیژییەکی نوێی سەربازی بەرامبەر ئێران رادەگەیەنێت

ئەمریکا ستراتیژییەکی نوێی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە گەرووی هورمز راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوە هات سوپای ئەمریکا دوو نەوتهەڵگری ئێرانی کردە ئامانج. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی نوێدایە بە ناوی "نەوتهەڵگر بەرامبەر نەوتهەڵگر".

بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەزامەندی لەسەر ئەم سیاسەتە نوێیە دەربڕیوە بە مەبەستی رێگریکردن لە تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان. بەگوێرەی ئەم ستراتیژییە، ئەمریکا بەرامبەر هەر کەشتییەک کە لەلایەن ئێرانەوە هێرشی بکرێتە سەر، نەوتهەڵگرێکی ئێرانی دەکاتە ئامانج.

لە یەکەم جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتەدا، درۆنەکانی ئەمریکا ژووری بزوێنەری دوو نەوتهەڵگری ئێرانییان لە کەناراوەکانی ئێران پێکاوە.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرایکرد، هێرشەکان نزیکەی 100 ئامانجی سەربازییان گرتووەتەوە، لەوانە بنکەکانی سوپای پاسداران، دامەزراوە دەریاییەکان، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و رادارەکان، پلاتفۆرمی هەڵدانی مووشەکی کروز و درۆن، هەروەها تواناکانی چاندنی مین و ناوەندەکانی پەیوەندی.

واشنتن جەختیکردەوە، ئەم هێرشانە توانای هێرشبەری ئێرانی لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە و ئاستی هەڕەشەکانی بۆ ماوەی مانگێک کەمکردووەتەوە.

سەرەڕای بەردەوامیی گرژییەکان، سوپای ئەمریکا بەردەوامە لە پاراستنی کەشتییەکان و رایگەیاند، سێشەممەی رابردوو 40 کەشتی بە سەلامەتی بە گەرووەکەدا تێپەڕیون، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا چەند مووشەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی تێکشکاند.

لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، ئێران مووشەکی بالیستی و درۆنی ئاراستەی پێگەکانی ئەمریکا لە ئوردن، کوەیت، بەحرەین و عێراق کردووە.