سوپای کوەیت: بەرپەرچی هێرشە درۆنەکانی ئێرانمان دایەوە
سوپای کوەیت رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە رووبەڕووی چەند هێرشێکی درۆنی ئێران بوونەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە،2ـی ئەیلوولی 2026، سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی سوپای کوەیت لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی مامەڵە لەگەڵ ئەو درۆنانە دەکەن. ئەو دەنگە تەقینەوانەی لە ناوچە جیاجیاکانی کوەیت دەبیسترێن، دەرەنجامی پرۆسەی بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی ئەو فڕۆکانەیە لەلایەن سیستەمەکانی بەرگرییەوە.
سوپای کوەیت داوای لە هاووڵاتیان و دانیشتووانی وڵاتەکە کردووە پابەندی رێنماییەکانی ئاسایش و سەلامەتی بن کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بڵاودەکرێنەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوە، ئێران وەڵامدانەوەکانی بۆ گەڕێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوخۆی ئێران فراوانکردووە. تاران رایگەیاندووە، بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر ئەو شوێنانەی هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان لە ئوردن و بەحرەین تێدایە.
ئێوارەی سێشەممە، هێزەکانی ئەمریکا هێرشەکانیان بۆ سەر چەند پێگەیەکی ئێران لە نزیک گەرووی هورمز و باشووری ئەو وڵاتە دەستپێکردبووەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکان بەتایبەت ئەو توانا و رادارانەی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە دووبارە بنیات نراونەتەوە.
ترەمپ هۆشداری داوەتە تاران، هەر وەڵامدانەوەیەکی نوێ بە هێرشی توندتری ئەمریکا رووبەڕوو دەبێتەوە.