شوێنەکانی رادەستکردنی چەکی پەکەکە دیاریکران
دوای پەسەندکردنی یاسای چوارچێوەی "پڕۆسەی چارەسەری" لە پەرلەمانی تورکیا، قۆناخی جێبەجێکردنی هەنگاوە مەیدانییەکان دەستیپێکردووە و لەو چوارچێوەیەدا شوێنەکانی رادەستکردنی چەک لەلایەن پەکەکەوە دیاریکراون، کە بڕیارە تاوەکو سەرەتای مانگی 10 پڕۆسەکە جێبەجێ بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی نەفەسی تورکی، دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) تاوەکو 1ی تشرینی یەکەم، بە وردی چاودێری 72 کەمپ و ئەشکەوتی پەکەکە لەسەر سنوورەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان دەکات. پەکەکە لەو ماوەیەدا دەبێت زانیاری بداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی شوێنی جبەخانە و تەقەمەنییەکان. ئەم چاودێریکردنە بە مەبەستی دڵنیابوونەوەیە لە کشانەوەی چەکدارەکان و چۆڵکردنی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی.
لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەمنی نێوان ئەنقەرە، بەغدا و هەرێمی کوردستان، بڕیارە هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچە سنوورییانە جێگیر بکرێن کە پەکەکە چۆڵیان دەکات. پلانەکە بەو شێوەیەیە کە تاوەکو سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، ناوچەکانی (مەتینا، زاپ، ئاڤاشین، باسیان و حەفتانین) تا دەگاتە قەندیل چۆڵ بکرێن و نزیکەی 3800 چەکداری پەکەکە چەکەکانیان رادەست بکەن.
ئەو ناوچانەی وەک بنکەی وەرگرتنی چەک لە پەکەکە دیاریکراون بریتین لە:
پارێزگای دهۆک: قەزای ئامێدی و ناحیەی کانێ ماسی.
پارێزگای هەولێر: ناوچەی بناری قەندیل و قەزای کۆیە.
پارێزگای سلێمانی: قەزای رانیە و قەزای سەیدسادق.
بڕیارە میت راپۆرتێکی ورد لەسەر ئەم پێشهاتانە و ئاستی پابەندبوونی پەکەکە بە رێککەوتنەکە ئامادە بکات و پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیای بکات.