پەنابەرێکی سووری لە هۆڵەندا 114 جار لە لایەن پۆلیسەوە تۆمار کراوە و دیپۆرت نەکراوەتەوە
تۆڕی هەواڵی فەرمیی هۆڵەندا (NOS) بڵاوی کردەوە، پەرلەمانی ئەو وڵاتە تووشی شەپۆلێکی گەورەی تووڕەیی بووەتەوە بەهۆی کەیسی پەنابەرێکی 18 ساڵی سووری کە سەرەڕای هەبوونی 114 تۆماری تاوان لە پۆلیس هێشتا دیپۆرت نەکراوەتەوە، و هاوکات لە کاتی دەستبەسەربوونیشیدا داوای مافی هێنانی خێزانەکەی کردووە.
سێشەممە 15ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راپۆرتی کەناڵی فەرمیی NOS، لە میانەی دانیشتنی پرسیار و وەڵامی پەرلەمانی هۆڵەندادا، ژمارەیەکی زۆر لە فراکسیۆنە جیاوازەکان داوای روونکردنەوەی بەپەلەیان لە حکوومەت کرد سەبارەت بە کەیسی گەنجێکی 18 ساڵی سووری کە لە ماوەی چوار ساڵی مانەوەیدا لە هۆڵەندا، ناوی 114 جار لە لایەن پۆلیسەوە تۆمار کراوە.
خێرت ڤیڵدەرس، سەرۆکی پارتی ئازادی (PVV) رەخنەی توندی لە دەسەڵاتداران گرت کە بۆچی ئەو گەنجە تا ئێستا نەنێردراوەتەوە بۆ وڵاتەکەی، هاوکات ئاشکرای کرد کە لە کاتێکدا ئەو گەنجە بەهۆی تاوانی دزیکردنی توندوتیژ لە ئەمستەردام زیندانی کراوە، داواکاریی پێشکەش کردووە تا لە چوارچێوەی یاسای کۆکردنەوەی خێزاندا کەسوکارەکەشی بهێنێتە هۆڵەندا.
ڤان بروخن، بڕیاردەری دەوڵەت کە بە وەکالەت لە شوێنی وەزیری کۆچ بەشداریی لە دانیشتنەکەدا کردبوو، لە وەڵامی پەرلەمانتاراندا رایگەیاند کە ئەنجامدانی تاوان بە هەموو شێوەیەک قبوڵنەکراوە و لە نیگەرانیی پەرلەمانتاران تێدەگات، بەڵام جەختی کردەوە، ناتوانێت لێدوان لەسەر کەیسی تاکەکەسی بدات.
هاوکات بروخن هۆکاری دۆخەکەی بۆ یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا گەڕاندەوە و روونی کردەوە، تا ئەو کاتەی دادگا سزای فەرمی بەسەر تۆمەتباردا نەسەپێنێت، وڵاتەکەی لە رووی یاساییەوە ناتوانێت مافی مانەوەی لێ بسەنێتەوە یان رێگری لە داواکاریی کۆکردنەوەی خێزانەکەی بکات، چونکە هۆڵەندا پابەندی رێککەوتننامە ئەوروپییەکانە.
ئەم وەڵامەی حکوومەت نیگەرانیی پارتە جیاوازەکانی قووڵتر کردەوە؛ ئولیس ئێلیان، پەرلەمانتاری پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی (VVD) رایگەیاند کە تەنانەت بەپێی یاساکانی یەکێتیی ئەوروپاش دەبوو ئەو کەسە لەمێژ بووایە دیپۆرت کرابایەوە و ئەم کەیسە بە هیچ جۆرێک بۆ کۆمەڵگەی هۆڵەندا روون ناکرێتەوە.
پەرلەمانتارانی دیکەش هۆشدارییان دا لەوەی مایەی قبوڵکردن نییە کەسێک لەسەر پەلاماردانی ژنان بە چەقۆ دەستگیر بکرێت و دواتر بە ئاسانی ئازاد بکرێت، داواشیان کرد سیستمی "دادگاییکردنی خێرا" پەیڕەو بکرێت، لە کاتێکدا بڕیارە رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی هۆڵەندا لە دانیشتنێکی تایبەتدا وەزیری کۆچ رووبەڕووی لێپرسینەوەی توند بکاتەوە.