ئەردۆغان: تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێی مەدەنی هەیە
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پێویستییەکی بەپەلەی بە دەستوورێکی نوێی مەدەنی هەیە، و جەختیکردەوە حکوومەت دەست بە ئامادەکاری دەکات بۆ داڕشتنی دەستوورێکی "دیموکراتی، فرەلایەن، لیبراڵ و مەدەنی".
پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە میانەی وتارێکدا بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، پێویستی بە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ زیاتر لە جاران بووەتە بابەتێکی گرنگ و بەپەلە، و گوتی: "دەستووری ئێستا سەرەڕای ئەوەی هەموارکردنی بنەڕەتیی تێدا کراوە و بەشێکی زۆر لە کەموکوڕییە پەیکەرییەکانی چارەسەر کراون، بەڵام هێشتا شوێنەواری قۆناخی دوای کودەتای سەربازیی بەسەرەوەیە".
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دەستووری ئێستا هێشتا مۆری سەرکردایەتیی کودەتای 12ـی ئەیلوولی پێوەیە و گەلی تورکیا شایستەی ئەوە نییە لە سایەی دەستوورێکی سەردەمی کودەتادا بمێنێتەوە، هاوکات داوایکرد کۆتایی بەو شەرمەزارییە بهێنرێت کە پەیوەستە بەو قۆناخەوە.
ئەردۆغان جەختیکردەوە، دەستووری نوێ پێویستە رەنگدانەوەی سیستەمێکی سیاسیی نوێ بێت و نابێت هیوای گەل بۆ دەستوور بە کۆمەڵێک ترس و گومانی دەستکرد سنووردار بکرێت، لە هەمان کاتیشدا دووپاتیکردەوە، هەڵوێستی حکوومەتەکەی سەبارەت بە چوار ماددەی یەکەمی دەستووری ئێستا تەواو روون و نەگۆڕە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەردۆغان رایگەیاند، دەستپێکردن بە داڕشتنی دەستوورێکی مەدەنی کە لەگەڵ دیدگای "سەدەی تورکیا"دا بگونجێت، تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ پێوانەکردنی جدییەتی تەواوی لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن کرد پابەندی بەڵێنەکانیان بن و بەشداری لە هەوڵەکاندا بکەن تاوەکو داخوازییەکانی خەڵک بێننە دی.