سەفین دزەیی: هیوادارم بەغدا بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە لە هەنگاوی داهاتوو پەیوەندی نێوان بەغدا و وڵاتانی دیکە لەسەر شێوازێکی دیکە دروستبکەنەوە لەسەر ئاستی ئەو ئەمن و ئاساییشەی لە ناوچەکەدا هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەربارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمان لە عێراق، بە کوردستان24ـی گوت: لە ساڵی رابردووە بڕیار درابوو لە 30ـی ئەیلوول هێزەکانی هاوپەیمانان عێراق بەجێدەهێڵن.

هەروەها گوتی، هیواخوازین بەغداش بتوانێت ئەرکی خۆی جێبەجێبکات و ئەو رێکەوتنەی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپای هەیە جێبەجێیبکات بە مەبەستی سەقامگیرییەکی تەواوەتی لەسەرتاسەری عێراق، بەتایبەت ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی هاوپەیمانی کرد و گوتیشی” سوپاسی هاوپەیمانان دەکەین لە ساڵیی 2014وە لە هەرێمی کوردستان بوون پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە بوونە لە شەڕی دژبە داعش.

سەفی دزەیی دەربارەی مەترسییەکانی داعش رایگەیاند: ئایدۆلۆژیای داعش و مەترسییەکانی تا ئێستا ماون.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەربارەی پەیوەندی عێراق و وڵاتان، باسی لەوە کرد ، پێویستە لە هەنگاوی داهاتوو پەیوەندی نێوان بەغدا و وڵاتانی دیکە لەسەر شێوازێکی دیکە دروستبکەنەوە لەسەر ئاستی ئەو ئەمن و ئاساییشەی لە ناوچەکەدا هەیە.