رووسیا: ئەو وڵاتانەی پشتیوانیی ئۆکرانیا دەکەن خواستی ئاشتییان نییە
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاشکرای کرد، ئەو وڵاتانەی پشتیوانیی رژێمی ئێستای ئۆکرانیا دەکەن، ناخوازن هەنگاوی بونیاتنەر بۆ پرۆسەی دانوستان بە ئاراستەی ئاشتی و سەقامگیریی بنێن.
پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەلیکساندەر ئالیمۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، قسەو باسی زۆر و دروستدەکرێت سەبارەت بە قەیرانی ئەوروپا، بەڵام ئێمە هەست بەو وڵاتانە دەکەین کە پشتیوانیی رژێمی ئێستای ئۆکرانیا دەکەن، کە ناخوازن هەنگاوی بونیاتنەر بۆ پرۆسەی دانوستان بە ئاراستەی ئاشتی پتەو و سەقامگیریی بنێن، بەمەرجێک هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم کێشەیە چارە ببێت، چونکە بەبێ کۆتاییهێنان بەو هۆکارە بنەڕەتییانە ئەستەمە ئاشتی بەرقەرار ببێت.
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا باسی لەوە کرد، "ئێمە پەیوەندیمان بەردەوامە لەگەڵ نوێنەرە تایبەتەکانی ترەمپدا، بەبێ ئەو پەیوەندییانە ناتوانم بڵێم کە هیچ ئاراستە و دەرفەتێکی دیکەی دانوستان و گفتوگۆ هەیە.
سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، "کێشە ئەوەیە وڵاتانی رۆژئاوا جارێ خواستیان لەسەر درێژەدان بە دانوستان نییە، دانوستانەکان لە زۆر شوێن ئەشێت بەڕێوە بچن، هەروەها باس لەوە کراوە کە ئەشێت مۆسکۆ شوێنی دانوستان بێت، مەرجی دانوستانیش ئەوانەن کە حکوومەتی رووسیا دایناوە لەبەردەم ئێمە و پرۆسەی تایبەتی سەربازیدا دایناوە، واتە لە دانوستانەکاندا ئێمە کار لەسەر بەدەستهێنانی هەمان ئەو ئامانجانە دەکەین."