یاریزانێکی لەشجوانی بەهۆی بەکارهێنانی دەرزیی هۆرمۆن گیانی لەدەستدا

یاریزانێکی لەشجوانی لە شاری هەولێر بە ناوی محەمەد تاریق شێخە، دوای تێکچوونی لەناکاوی باری تەندروستیی و مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، هاوکات کەسوکارەکەشی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بۆ بەکارهێنانی دەرزیی هۆرمۆن دەگەڕێننەوە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، کاتژمێر 05:00ی بەیانیی ئەمڕۆ، یاریزانی لەشجوانی محەمەد تاریق شێخە لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد، دوای ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی تێکچوونی تەندروستییەوە لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو.

دانا تاریق یەکێک لە برای کۆچکردوو بە کوردستان24ی راگەیاند: براکەمان لە یەکێک لە هۆڵەکانی هەولێر یاریزانی لەشجوانی بوو، نزیکەی چوار رۆژ بوو بەهۆی بەکارهێنانی دەرزیی هۆرمۆن بۆ گەورەکردنی ماسولکە، تەندروستیی بە تەواوی تێکچووبوو.

براکەی ئاماژەی بەوەش دا، دوای ئەوەی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، پزیشکەکان بۆیان دەرکەوتووە کە تووشی مەینی خوێن و بەرزبوونەوەی توندی رێژەی هەوکردن لە خوێنیدا بووە، و دوای مانەوەی بۆ ماوەی چەند رۆژێک لەژێر چاودێریی پزیشکیدا، بەیانیی ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا.

لە لایەکی دیکەوە، یەکێتیی لەشجوانی لەبارەی چۆنییەتیی رووداوەکە و بەکارهێنانی ئەو ماددە و هۆرمۆنانەی کە زیان بە تەندروستیی یاریزانان دەگەیەنن، دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دەرخستنی هۆکاری تەواوەتیی گیانلەدەستدانی ئەو یاریزانە گەنجە.