گوهدار شێخۆ: ساڵ بە ساڵ زاخۆ لە پێشکەوتندایە و هەموو کوردستان شانازی پێوە دەکات

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی «گەلیی زاخۆی گەشتیاری» دانرا؛ لە رێوڕەسمەکەدا گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند، ساڵ بە ساڵ زاخۆ دەبێتە شارێکی جیاواز و هەموو کوردستان شانازی پێوە دەکات.

یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2026، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە میانی دانانی بەردی بناخەی پرۆژەی گەلیی زاخۆی گەشتیاری و بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران رایگەیاند، پیشکەوتنی زاخۆ لەسەر رێنمایی و راسپاردەکانی سەرۆکوەزیران و پشتیوانیی بەردەوامی ئەو بووە و هەموو وەزارەتەکانیش هاوکار بوون بۆ ئەوەی زاخۆ بگەیەننە ئەم ئاستە.

گوهدار شێخۆ ئاماژەی بەوە کرد، رۆژ بە رۆژ حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی نوێ رادەگەیەنێت و کەرتی تایبەتیش پڕۆژەی جۆراوجۆری جێبەجێ کردووە، کە هەموو ئاسانکارییەکیان لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە بۆ کراوە.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ روونی کردەوە، زۆربەی کۆتاییەکانی هەفتە هۆتێلەکانی زاخۆ پڕ دەبن و لە رێستۆرانتە براندەکان ئەگەر پێشتر حجزت نەبێت ناتوانیت تێیاندا دابنیشیت، ئەوەش نیشانەی پێشکەوتنی کەرتی گەشتوگوزارە لە زاخۆ. گوتیشی: "بیرمانە خەڵکی کوردستان تەنیا بۆ چوونە تورکیا دەهاتنە زاخۆ، ئەگەر میوانێک بهاتبایە دەبوو بیبەین بۆ دهۆک و هەولێر بۆ نانخواردن و حەوانەوە، بەڵام ئەمڕۆ زاخۆ بووەتە شارێکی دیکە و هەر میوانێک بێتە کوردستان دەبێت سەردانی زاخۆ بکات".

سەبارەت بە وردەکاریی پڕۆژەی «گەلیی زاخۆی گەشتیاری»، گوهدار شێخۆ گوتی ئەم پڕۆژەیە خەونێک بوو هاتە دی و سوپاسی حاجی سامان و خانەوادەکەی کرد بۆ جێبەجێکردنی، ئاماژەشی بەوە دا کە داوای کردووە لە ماوەی 5 ساڵی داهاتوودا پرۆژەکە تەواو بکرێت.

گرنگترین زانیارییەکان لەسەر پڕۆژەی گەلیی زاخۆی گەشتیاری:

- پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری 2620 دۆنم زەوی دروست دەکرێت.

- گوژمەی پڕۆژەکە 120 ملیۆن دۆلارە و 400 هەلی کار دەڕەخسێنێت.

- لە هۆتێلێکی 5 ئەستێرەیی، چێشتخانە و خانووی گەشتیاری پێکهاتووە.

- تەلەفڕیک، شوێنی وەرزشی، باخچەی ئاژەڵان و رووباری دەستکرد لەخۆدەگرێت.

گوهدار شێخۆ ئەوەشی خستەڕوو، نەک تەنیا گەشتیارانی ناوخۆی کوردستان و عێراق، بەڵکو گەشتیارانی وڵاتانی کەنداویش دێن سەردانی زاخۆ دەکەن و ئەمەش بەرهەمی ماندووبوونی هەمووانە.

لە کۆتاییدا جەختی لە هاوکاریی خەڵکی زاخۆ کردەوە لە بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکان و گوتی: "بۆ نموونە لە کۆرنیشی زاخۆ، سەرەڕای ئەوەی شوێنێکی کراوەیە، بەڵام تەنیا 5 تا 6 شوێن بۆ جگەرەکێشان دانراوە و خەڵکی هەمووی پابەندن پێوەی".