بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران یاری کۆتایی خولی سێیەمی تۆپی پێی دیپلۆماسی بەڕێوەچوو

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یاریی کۆتایی خولی سێیەمی پاڵەوانێتیی تۆپی پێی دیپلۆماسی بەڕێوەچوو، کە لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕێکخراوە.

هەردوو تیپی وەرزشیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا (چێک، پۆڵەندا، بولگاریا، ئەرمینیا) و فەلەستین یارییان کرد و لە ئەنجامدا، تیپی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بە ئەنجامی 4-2 بووە پاڵەوانی خولەکە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد "بیرمان لەوە کردەوە ئەم خوولە بەردەوام بێت و لێرە کاتێکی خۆش پێکەوە بەسەرببەین؛ هەرچەندە لە چەند مانگی رابردوودا ئاڵۆزی هەبوو، بەڵام لێرە پێکەوە کاتێکی خۆش بەڕێ دەکەین و دڵخۆشین کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵمان ئامادەیە."

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتیشی "ئامانج لەم خوولە ئەوەیە هەموومان پێکەوە کاتێکی دۆستانە و خۆش بەسەربەرین. سوپاسی تەواوی نێردە دیپلۆماسییەکان دەکەین، هاوکات سوپاسی زانکۆی سەڵاحەدین و کۆلێژی وەرزش دەکەین بۆ هاوکاری و هەماهەنگییان لە رێکخستنی ئەم چالاکییەدا."

لەبارەی بەشداربووانی خولەکەشەوە، سەفین دزەیی باسی لەوە کرد "16 تیم لەم پاڵەوانێتییەدا بەشدارن و هەموولایەکیش براوەن؛ چاومان لەوەیە جارێکی دیکەش لەگەڵ دۆستەکانمان کۆببینەوە و بەردەوام بین، بۆ ئەوەی هەماهەنگییەکی پڕ لە جۆش و خرۆش لە نێوانماندا هەبێت."