سەرکردەیەکی حزبوڵڵا: زەیدی و عەبوودی تۆمەتیان هەڵبەستاوە
سەرکردەیەکی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق وەڵامی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەداتەوە و دەڵێت: تۆمەتیان هەڵبەستاوە و لە جورف سەخر گرژی و ئاڵۆزییەک لەنێوان چەکدارانی حزبوڵڵا و هێزی فەرمیی عێراق دروست نەبووە، بەڵکو بە ئامادەکردنی خوانێک پێشوازیان لە هێزەکانی عێراق کردووە.
ئەبو تاڵیب سەعیدی، بە ناوی گوتەبێژ و سەرکردەی حزبوڵڵای عێراقی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: شاندی حکوومەتی عێراق سەردانی جورف سەخری کرد و هیچ رێگرییەکیان نەکرا و تەنانەت خوانێکیشیان بۆ ئامادەکرا، بەڵام حەیدەر عەبوودی ئەو گوتەبێژە گەنجەی حکوومەت و عەلی زەیدی سەرۆکی حکوومەت تۆمەتی هەڵبەستراویان کرد و بەدوای ئاژاوەنانەوەن.
هەڵکوتانە سەر جورف سەخر، کە ناوەندی سەرەکیی چەکدارانی کەتیبەکانی حزبووڵڵای عێراقە، پەیوەندی بە دۆسییەی قاچاخچێتی نەوت و دەستبردنە بۆ سەروەت و سامانی گشتیی عێراقە، لەگەڵ ئەوەی سەرکردەکەی حزبوڵڵا نکۆڵی لە بوونی باڵاوگە و وێسگەی سووتەمەنی لەنێوا ئەو شوێنە تەندراوە بە چەکدارانی نەکرد، گوتی: هیچ یەکێک لە حکوومەتەکانی عێراق نەیانتوانیوە سووتەمەنی دابین بکەن، بۆیە لەسەر گیرفانی خۆیان کارگەیەکیان لە جورف سەخڕ دامەزراندووە نەوتی رەشیان کڕیوەتەوە و لەو کارگەیەدا کردوویانە بە گازوایل.
بە گوتەی ئەبو تاڵیب سەعیدی، ئەو سووتەمەنی و گازوایلەی لە پاڵاوگەکەیان لە جورف سەخڕ بەرهەمیان هێناوە، جگە لە ئۆتۆمبێلەکانیان، بۆ مۆلیدەکانیشیان بەکاریان هێناوە، بەڵام قسەکانی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و حەیدەر عەبوودی گوتەبێژی حکوومەتی فیدراڵ و کەسانی دیکە دەیانکەن، بەدوای ئاژاوەنانەوەن، بەڵام هیچ ئاژاوەیەک روو نادات.
هەروەها فەرماندەی کەتائیبی حزبوڵڵا، داواکاری و مۆڵەتەکەی حکوومەتی عێراقی بۆ کشانەوە لە ناوچەی جورف سەخر لە باشووری بەغدا رەتکردەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند؛ ئەو هەنگاوە هەرگیز روونادات تەنانەت بەسەر تەرمەکانیشیاندا بێت.
ئەم لێدوانەش دوای ئەوە دێت کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی دووشەممە مۆڵەتی تاوەکو ڕۆژی هەینیی بەو گرووپە دابوو لە جورف سەخر بکشێنەوە، پاش ئەوەی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی حکوومەت بوونی قاچاخچێتیی نەوتی لەو سنوورەدا پشتڕاست کردەوە.
سەعیدی تۆمەتەکانی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی لەبارەی دزینی نەوتەوە بە درۆ و چەواشەکاری ناوبرد و گوتی: کاتێک لە پراکتیکدا نەیانتوانی بە دروشمی رادەستکردنی چەک دەستمان با بدەن، پەنایان بۆ لاوازکردنمان برد بە دروشمی بێبنەمای بەقاچاخبردنی نەوت." هەروەها تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکای بۆ عێراق و سووریا بە بەرپرسیاری سەرەکیی ئەم هەڵکشانە ناوبرد و بانگەشەی ئەوەشی کرد کە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا لەسەر پرسی چەکی گرووپەکە گەیشتبوونە لێکتێگەیشتن، بەڵام حکوومەت رەتیدەکاتەوە ئەو لێکتێگەیشتنانە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات.
سەرەڕای ئەم زمانە توندە، فەرماندەکەی کەتائیبی حزبوڵڵا ئاماژەی بەوە دا لە تۆماری گرووپەکەیاندا هیچ پێکدادانێکی گەورەیان لەگەڵ حکوومەت و دەزگا ئەمنییەکانی عێراقدا نەبووە و جەختیشی کردەوە هەردوو لایەن سوورن لەسەر رێگریکردن لە خوێنڕشتن.