لە هەولێر شیلانە سۆفی پێشانگەیەکی تایبەتی شێوەکاری کردەوە
شیلانە سۆفی، خانمە شێوەکاری کورد، پێشانگەیەکی تایبەتی شێوەکاری لەژێر ناونیشانی "بیرەوەری رەنگ"، تێیدا 30 تابلۆی هونەری نمایش دەکات، لە گەلەری میدیای هەولێر کردەوە.
سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2026، شیلانە سۆفی، خانمە شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "تابلۆکانم بە رەنگی زەیتی کێشراون و هەر یەکەیان بە شێوەیەکی جیاواز جوانی و رەنگینیی جیهانی سروشت دەخەنە روو. لە بەرهەمەکانی خۆمدا رەنگە جیاوازەکانم بە فراوانی بەکارهێناوە و هەوڵم داوە لە رێگەی تێکەڵکردنی رەنگەکانەوە، جوانییەکانی سروشت و ژیان بە شێوەیەکی هونەری لەسەر کەنڤاسەکاندا پیشان بدەم."
سۆفی سەبارەت بە گرنگیی ئافرەت لەناو تابلۆکانیدا گوتی، "ئافرەت وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی جوانی لە تابلۆکانم دا شوێنێکی دیاری هەیە، لەگەڵ سروشت و دیمەنە جوانەکانی، کە هەریەکەیان بە شێواز و رەنگێکی تایبەت وێنام کردوون. من لە رێگەی ئەم بەرهەمانەوە هەوڵم داوە جوانی لە روانگەی خۆمەوە بخاتە ڕوو و ئەو شتانەی سەرنجم ڕادەکێشن و هەستی جوانی لە ناخم دا دەجوڵێنن، بگوازمەوە بۆ سەر تابلۆکان."
ئەو خانمە شێوەکارە باسی لەوەش کرد، "هەموو تابلۆکانم بە رەنگی زەیتی کێشاوە و لە کارە هونەرییەکانم دا هەموو رەنگەکانی بەکارهێناون، چونکە حەزێکی زۆرم بە رەنگاوڕەنگی هەیە و رەنگ بۆ من یەکێکە لە گرنگترین توخمەکانی دەربڕینی هونەری."
سەبارەت بە پەیامی تابلۆکانی، شیلانە سۆفی دەڵێت، "پەیامی تابلۆکانم تەنیا جوانییە و ئەوەی لەناو بەرهەمەکانم دا دیاریم کردووە، جوانی سروشت و ئافرەت و هەموو ئەو جوانییانەیە کە خودای گەورە خوڵقاندوونی. هەوڵم داوە بە رەنگ و فڵچە بەشێکی کەم لەو جوانییە فراوانە بخەمە سەر تابلۆکانم و بە شێوازی خۆم بیگوازمەوە بۆ بینەران."
شیلانە سۆفی ئاماژەی بەوەش دا، "وێنەکێشان تەنیا کاری هونەری نییە، بەڵکو بەشێکە لە ژیانی رۆژانەم و هۆکارێکی گرنگە بۆ ئارامبوونەوەی مێشک و دەروون و زۆر خۆشحاڵم کاتێک خەریکی وێنەکێشانم، چونکە ئەم کارە هەستی ئارامی و خۆشیم پێ دەبەخشێت."
پێشانگەی تایبەتی شێوەکاری "بیرەوەریی رەنگ"، ئەمڕۆ سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2026، لە گەلەری میدیای هەولێر کرایەوە و یەک رۆژ دەخایەنێت.
شیلانە سۆفی، خانمە شێوەکاری کورد، خەڵکی شاری کەرکووکە. لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە دەستی بە وێنەکێشان کردووە و لەو سەردەمەوە حەز و خولیای هونەری لە ناخیدا گەشەی کردووە. خوێندنی هونەرە جوانەکانی لە بەشی وێنەکێشان لەساڵی 1998 تەواو کردووە. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بەردەوام بووە لە کارکردن لەسەر تواناکانی وێنەکێشان و پەرەپێدانی ئەزموونی هونەریی خۆی، هەروەها بەشداریی چەندین پێشانگەی هاوبەشی کردووە و لە پێشانگەکانی کاری دەستیشدا بەشدار بووە.