فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل له لێوارى شه‌ڕێكى نوێ دان
جەنگی نێوان ئیسرائیل و گروپە چەکدارەکانی فه‌ڵه‌ستين لە ساڵی ٢٠١٤ دا ئاماژەيه‌كه بۆ هه‌ڵگيرسانى جه‌نگێكى چاوه‌ڕوانكراوى نێوانيان و ئه‌نجامدانى "تاوانێكى ديكه‌ى مرۆڤايه‌تى".
K24 – ھەولێر
جەنگی نێوان ئیسرائیل و گروپە چەکدارەکانی فه‌ڵه‌ستين لە ساڵی ٢٠١٤ دا ئاماژەيه‌كه بۆ هه‌ڵگيرسانى جه‌نگێكى چاوه‌ڕوانكراوى نێوانيان و ئه‌نجامدانى "تاوانێكى ديكه‌ى مرۆڤايه‌تى".
دوێنێ دووشه‌ممه(23-6-2015)، نەتەوە یەکگرتووەکان، راپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه كه تیایدا هاتووە: "له ئه‌نجامی پێكدادانه‌كانی نێوان فه‌ڵه‌ستين و ئیسرائیل له ساڵی 2014دا نزیكه‌ی 1462 هاووڵاتی مه‌ده‌نی فه‌ڵه‌ستينی بە دەستی ئیسرائیل کوژراون و هاوکات ١١ هەزاری دیکە بریندار بوونه، له به‌رانبه‌ریشدا ٦٧ سەرباز و 6 هاووڵاتی مەدەنیی ئیسرائیلی بە دەستی گروپە فه‌ڵه‌ستينیەکان کوژراون".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه: "لە جەنگی ٥٠ ڕۆژەی ئیسرائیل و گروپە چەکدارەکانی فه‌ڵه‌ستيندا لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ دا زیاتر لە دوو هەزار کەس کوژران".
روونیشى كرده‌وه: "به‌رده‌وام بوونی ململانێی نێوان فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل، ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی جه‌نگێكی دیكه‌ی هه‌یه له نێوانیان و تاوانێكی دیكه دژ به مرۆڤایه‌تی ئه‌نجام ده‌ده‌ن".
لە ساته‌وه‌ختى جەنگەکەدا گروپی چەکداریی حەماس رایگەیاند بوو، هێرشەکانی ئەوان بۆ کۆتایی هێنانە بە "دەستدرێژییەکانی" ئیسرائیل، له به‌رانبه‌ردا ئیسرائیلش بیانووی هێرشەکانی بەوە دەهێنایەوە کە بۆ "کۆتایی هێنانە بە ئەو مووشەکە دوور هاوێژانەی كه توانای گەیشتنیان هەیە بە ئۆردوگا جووله‌كه نشينه‌كانى كه‌نارى خۆرئاوا و باشوورى ئيسرائيل".