سه‌رۆكی توونس باری نا ئاسایی راگه‌یاند
K24 – ھەولێر
دوای تێپه‌ڕبوونی هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر هێرشه "خوێناوییه‌كه‌ی" سه‌ر شاری سوسه له توونس، "ئه‌لباجی قائد ئه‌لسبسی"، سه‌رۆك كۆماری توونس باری نا ئاسایی له وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند.
دوێنێ شه‌ممه (4-7-2015)، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی توونس، له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه، ئه‌لباجی قاید ئه‌لسبسی، سه‌رۆك كۆماری توونس، له ئه‌نجامی هێرشه خوێناوییه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی شاری سوسه باری نا ئاسایی بۆ وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند.
دوای راگه‌یاندنی باری نا ئاسایی، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ئه‌لسبسی گوتارێكی پێشكه‌ش كرد، ئیدانه‌ی هه‌موو جۆره ده‌ست درێژیه‌ك و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی كرد، كه ببێته هۆكاری تێكدانى سه‌قامگيرى و پشێوی وڵاته‌كه‌ی.
هه‌ر له‌و گوتاره‌دا روونيشى كرده‌وه: "به‌رده‌وام بوونی ئه‌و هه‌ڕه‌شه و ده‌ستدرێژیانه بۆ شوێنه هه‌ستیاره‌كانی ئه‌و وڵاته، وڵات به‌ره و ئاقاری جه‌نگ ده‌بات، دواتر ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه درێژ ده‌بێته بۆ وڵاتانی دیكه‌ی دراوسێ بارودۆخی هه‌رێمی ده‌شێوێنێت، بۆیه وا پێویست بوو بڕیاری باری نا ئاسایی بۆ وڵاته‌كه‌مان بده‌ین".
هه‌فته‌ی رابردوو هێرش كرایه سه‌ر هۆتێلێك له هاوینه‌هه‌واری گه‌شتیاری سوسه‌ی توونس و له ئه‌نجامدا 38 گه‌شتیاری بیانی گیانیان له ده‌ستدا كه زۆربه‌یان به‌ریتانی بوون.