سيسى هه‌ڕه‌شه‌ی له ئیخوان كرد
K24 – ھەولێر
له‌ساته‌وه‌ختى به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی داواكاری پێشووی میسر، "عه‌بدولفه‌تاح سیسی" سه‌رۆك كۆماری میسر، به ده‌سته‌واژه‌ی "توند" هه‌ڕه‌شه‌ی له كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلیمین كرد.
دوێنی سێشه‌ممه (30-6-2015)، له‌ساته‌وه‌ختی به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی "هیشام به‌ره‌كات، داواكاری پێشووی میسر، "عه‌بدولفه‌تاح سیسی" به‌توڕه‌ییه‌وه گوتی: "چاوه‌ڕوانی ئه‌م ره‌وشه ناكه‌ین، یاساكان به‌شێوه‌یه‌ك ههمواردهكهین كه بتوانین یاسا و داده‌وری له كه‌مترين ماوه‌دا جێبه‌جێ بكه‌ین".
گوتیشی: "ئه‌وه‌ی بڕیاری له سێداره‌دان و زیندانی هه‌میشه‌یی بۆ ده‌ركراوه، سزاكه‌ی جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌مڕۆ نه‌ك سبه‌ی، ئێمه ئاماده‌ین جێبه‌جێی بكه‌ین، گوێ نه به ناوخۆ ده‌ده‌ین نه به‌ده‌ره‌وه، به‌رژه‌وه‌ندیی میسر له پێشی هه‌موو شتێكه‌وه‌يه".
سیسی مانگی رابردوو له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، له به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا به ناڕاسته‌وخۆ رایگه‌یاندبوو، به‌دووری ده‌زانێت سزای له سێداره‌دان له دژی سه‌ركرده‌كانی ئیخوان جێبه‌جێ بكرێت، دوێنێ به‌پێچه‌وانه‌وه جه‌ختیكرده‌وه كه "ئه‌وه‌ی بڕیاری له سێداره‌دانی له دژ ده‌ركراوه، سزاكه‌ی جێبه‌جێ ده‌كرێت".
ئێواره‌ی دوێنێ رێوڕه‌سمێكی سه‌ربازی بۆ به‌خاكسپاردنی هيشام به‌ره‌كات داواكاری گشتی به‌ڕێوه‌چوو كه له رێگه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوه‌وه كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی كرايه ئامانج و تیرۆركرا.
سیسی له ریزی پێشه‌وه‌ی ئاماده‌بووانی مه‌راسیمه‌كه‌دا بوو كه له خۆرهه‌ڵاتی قاهیره‌ى پايته‌ختى ميسر به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا چه‌ندین به‌رپرس و كه‌سایه‌تی ديكه له‌وانه "عه‌دلی مه‌نسور"، سه‌رۆكی كاتی پێشووی وڵات و سه‌رۆكی داداگای ده‌ستوریی باڵا و "ئیبراهیم مه‌حله‌ب"، سه‌رۆكی حكوومه‌ت و "ئه‌حمه‌د ئه‌لته‌یب"، شێخی ئه‌زهه‌ر، ئاماده‌بوون.