عێراق پێویسته دابه‌ش بكرێت
تاكه رێگه بۆ چاره‌سه‌ركردن و كۆتایی هێنان به ململانێی تایفهگهرایهتی نێوان شیعه و سوننه، دابه‌شبوونی عێراقه
K24 – ھەولێر
سوپاسالارى ئه‌مه‌ریكا، رایگه‌یاند، تاكه رێگه بۆ چاره‌سه‌ركردن و كۆتایی هێنان به ململانێی تایفهگهرایهتی نێوان شیعه و سوننه، دابه‌شبوونی عێراقه.
دوێنی چوارشه‌ممه (12-8-2015) "ریمۆند ئۆدیرنۆ" سوپاسالارى ئه‌مه‌ریكا، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، رایگه‌یاند: "باشترین چاره‌سه‌ر بۆ كۆتایی هێنان به ململانێی نێوان شیعه‌ی زۆرینه و سوننه‌ی كه‌مینه، دابه‌شبوونی عێراقه".
روونیشی كرده‌وه: "له نێوان ساڵانی 2006- 2007به‌هۆی به‌رده‌وامی كێشه و ململانێكانی نێوان شیعه‌و سوننه، هه‌زاران كه‌س گیانیان له ده‌ستدا".
گوتیشی: "عێراق له داهاتوودا وه‌كوو رابردووی لێ نایه‌ته‌وه، دابه‌شبوونی عێراق، له به‌رژه‌وه‌ندی عێراقییه‌كانه، من پێم وایه ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به بارودۆخی ناوچه‌كه‌وه‌یه، به‌تایبه‌تی زۆربه‌ی كه‌سایه‌تییه سیاسی و دبلۆماسییه‌كانی وایده‌بینی ئه‌و شته ئه‌سته‌م بێت، به‌ڵام له راستیدا ده‌كرێ ئه‌و شته له هه‌ر كاتێكدا بێت رووبدات".
ئۆدێرنۆ، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "یه‌كه‌م شت پێویسته چاره‌سه‌ری كێشه‌ی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بكه‌ین، دواتر بڕیار له‌سه‌ر شته‌كانی داهاتوو بده‌ین".
سه‌باره‌ت به رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی(داعش)، ئاشكراشی كرد: "هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌ریكا ته‌نگی به‌داعش هه‌ڵچینیوه، به‌ڵام پێویسته هه‌وڵه‌كانی زیاتر بكات بۆ له‌ناوبردنی یه‌كجاره‌كی و ده‌رپه‌ڕاندنیان له عێراق و سووریا".
ساڵی 2008 له‌سه‌روبه‌ندی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌منی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا، ئۆدێرنۆ پێشنیاری كرد، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بمێنێنه‌وه، به‌ڵام پێشنیاره‌كه‌ی قه‌بوڵ نه‌كراو و به‌غدا و واشنتۆن له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتن له كۆتایی ساڵی 2011 هه‌موو هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بكێشنه‌وه.