پێشەوا هەورامانی: هەر جووڵەیەکی سەربازی لە هەرێم دەبێت پێشمەرگە لێی بەرپرس بێت

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە کە بە پشتبەستن بە ماددەی 121ـی دەستووری عێراق، پێشمەرگە وەک هێزی پاراستنی هەرێم ناو براوە و هەر جووڵەیەکی سەربازی لە ناو هەرێمی کوردستاندا هەبێت، دەبێت پێشمەرگە لێی بەرپرس بێت.

پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هەموو شتێک بە دروستکردنی 'هاوسەنگی و رێزگرتن لە فیدراڵیزم' دەستپێدەکات، نەک بە هەوڵدان بۆ لاوازکردنی ئەو هێزانەی رەوایەتیی خۆیان لە دەستوور و ئیرادەی خەڵکی کوردستانەوە وەرگرتووە.

هەورامانی باسی لەوە کرد، هەر تێگەیشتنێکی دیکە تەنیا ئەجێندایەکی سیاسیی کاتییە و خزمەت بە ئاشتی و یەکڕیزیی عێراق ناکات.

سەبارەت بە پێگەی دەستووریی پێشمەرگە، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونی کردەوە، ماددەی (121)ـی دەستووری عێراق پێشمەرگەی وەک هێزی پاراستنی هەرێم ناو بردووە؛ بۆیە هەر جووڵەیەکی سەربازی لە ناو هەرێمدا هەبێت، دەبێت پێشمەرگە لێی بەرپرس بێت وەک هێزێکی خاوەن ناوبانگی باش و سەرقافڵە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا لە ڕابردوودا و پارێزەری هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان.

پێشەوا هەورامانی دووپاتی کردەوە، گفتوگۆکانی ئێمە کاتێک دەگەنە ئەنجام کە هەموو لایەک باوەڕی تەواویان بەوە هەبێت کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵیی دەستوورییە لە ناو عێراقدا.