گوادریۆلا خیانه‌ت له بارسێلۆنا ده‌كا
دیداری نێوان گواردیۆلا و پێرێز ترسی خسته دڵی هانده‌رانی كه‌ته‌لۆنیا
K24 ـ مه‌درید
به‌پێی هه‌واڵی ڕۆژنامه‌كانی نزیك له یانه‌ی شاهانه، سه‌رۆكی یانه‌ی ڕیال مه‌درید له ئێسته‌وه ده‌یه‌وێت بۆ وه‌رزی دادێ شوێنگره‌وه‌ی ڕافائێل بینیتێز دیاری بكات، دیدارێكی نێوان پیرێز و گواردیۆلایش مه‌ترسی خستۆته دڵی هانده‌رانی كه‌ته‌لۆنیا و ترسیان له خیانه‌تێكی گه‌وره هه‌یه.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 28 تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2015، ماڵپه‌ری 90MINـی ئینگلیزی باسی له هه‌وڵه‌كانی فلۆرێنتینۆ پیرێزی سه‌رۆكی یانه‌ی ڕیال مه‌درید بۆ ڕازیكردنی گواردیۆلا كردووه.
به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه، ڕۆژی هه‌ینی ڕابردوو (فلۆرێنتینۆ پێرێز و پێپ گواردیۆلا) له مه‌درید چاویان به‌یه‌كتر كه‌وتووه و له‌مباره‌یه‌وه گفتووگۆی تایبه‌تیان كردووه.
گواردیۆلا له كۆتایی وه‌رزی ئه‌مساڵ گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی بایرن میونشنی ئه‌ڵمانیا كۆتایی دێت، به‌شێك له میدیایه‌كانیش داهاتووی ئه‌م ڕاهێنه‌ره به یه‌كێك له یانه‌كانی، مانچسته‌ر یونایتد، مانچسته‌ر سیتی، ئارسناڵ و چێڵسی ده‌به‌ستنه‌وه، به‌ڵام له ئێسته‌دا یانه‌ی ڕیال مه‌دریدی ڕكابه‌ری یانه‌ی بارسێلۆناشیان تێكه‌ڵی باسه‌كه كرد.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، ڕۆژنامه‌ی (بێڵد)ـی ئه‌ڵمانیا باس له‌وه ده‌كات كه ئیداره‌ی یانه باڤارییه‌كه كار بۆ درێژكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی (گواردیۆلا) ده‌كه‌ن.
گواردیۆلای ته‌مه‌ن 44 ساڵان،پێشتر وه‌ك یاریزان یاری بۆ یانه‌كانی بارسێلۆنا، بریشیا، ڕۆما و ئه‌هلی قه‌ته‌ری كردووه.
گواردیۆلا له 2008 تا 2012 جله‌وی ڕاهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی به‌رشلۆنه له ده‌ست بوو، له‌و ماوه‌یه‌دا زۆرترین ناسناوی بۆ یانه‌كه‌ی بردۆته‌وه، له 2013ـیش مه‌شقی یانه‌ی بایرن میونشنی ئه‌ستۆ گرتووه، ئێسته‌یش به 37 خاڵ لوتكه‌ی بۆندیسلیگای گرتووه.