عەللاوی نهێنييه‌كى خۆى ئاشكرا ده‌كات

بزانه‌ داواى ئازادكردنى كێى كردووه‌..

K24 – به‌غدا:

ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە لە عێراق دانى به‌وه‌دا نا، كه‌ داواى ئازادکردنی سوڵتان هاشم، وەزیری بەرگریی سەردەمی رژێمی به‌عسى كردووه‌.

ئەیاد عەللاوی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق لە راگەیەندراوێکدا، کە نووسینگەکەی بڵاویکردەوە رايگه‌ياندووه‌، "تووشی سەرسوڕمان هاتووە لە لێدوانەکانی مۆفەق روبەیعی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، کە تێیدا گوتويه‌تى، گوایە من و فراكسیۆنی وەتەنییە لە ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بە رێگەی داواکاریی ئازادکردنی سوڵتان هاشم هەوڵی بەدەستهێنانی سۆزی هاووڵاتییان دەدەین".

ئەیاد عەللاوی، ئاماژەشى به‌وه‌ كردووه‌، "ئەو تەنها داوای ئازادکردنی سوڵتان هاشمی نەکردووە، بگرە لە سەردەمی جۆرج بۆش، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا داوای ئازادکردنی عامر ئەلسەعدی و مەهدی ساڵح مەهدییشی کردووە".

ئەمە لە کاتێکدایە دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق لە مانگی حوزه‌يران/ يۆنيۆى 2007 بڕیاری لە سێدارەدانی سوڵتان هاشمى دەرکرد، بەهۆی بەشداریی لە ئەنجامدانی شاڵاوەکانی ئەنفال لە دژی کورد، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیارە جێبەجێنەکراوە.