سنە بۆ هەرێمی کوردستان: باشوور تەنیا نییە و سنە پشتیوانتانە
هاووڵاتیانی دانیشتووی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان سبەی بۆ پشتیوانی لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دێنە سەر شەقام و بانگەوازێکیان بڵاوکردووەتەوە و رایدەگەیەنن: "باشوور تەنیا نییە، سنە پشتیوانییە؛ یەکگرتوویی ئێمە سنوور ناناسێت".
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری سنەوە بانگەوازێکیان بۆ کۆبوونەوەی و ناڕەزایەتی دەربڕین دژی بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە قەوارەی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و رایانگەیاندووە: "لە بەرانبەر هەڕەشە و هێرشە ناڕەواکانی داگیرکەری عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان، خەڵکی شاری سنە دێنە سەر شەقام تاوەکوو دەنگی یەکگرتوویی و پاڵپشتیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان بگەیەننە جیهان".
هەر لە بانگەوازەکەدا هاتووە، "ئەم کۆبوونەوەیە، راگەیاندنی پشتیوانییە لە ئاسایش، ئازادی و مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان".
لە بانگەوازەکەدا هاتووە سبەی پێنجشەممە کاتژمێر چواری ئێوارە لە شەقامی فیردەوسی شاری سنە خۆپیشاندانەکە بە دروشمی " باشوور تەنیا نییە، سنە پشتیوانییە؛ یەکگرتووییی ئێمە سنوور ناناسێت"، بەڕێوە دەچێت.
خۆپیشاندانەکەی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ ئەو خۆپیشاندانە جەماوەییەی سبەی لە هەولێر و رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت.