ئارین بارزانی لە پەراوێزی لووتکەی جیهانیی لاوانی کوردستاندا سێ دیداری ئەنجامدا

دامەزرێنەری کوردستان فاوندەیشن، لە پەراوێزی کارەکانی لووتکەی جیهانیی لاوانی کوردستان – 2026 لە شاری هەولێر، لەگەڵ هەر یەک لە وەزیری کاروباری لاوانی شانشینی بەحرەین، بەڕێوەبەری بەشی گەنجان لە ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو و باڵیۆزی پێشوو و چاودێری هەمیشەیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی لاوان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کۆ بووەوە.

بە گوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکانی لووتکەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، لە شاری هەولێر و لە میانەی لووتکەی جیهانیی لاوانی کوردستان – 2026دا، ئارین بارزانی، دامەزرێنەری کوردستان فاوندەیشن"Kurdistan Foundation"،، زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانی تایبەت بە کاروباری لاوان و گەنجان ساز کرد.

لەو چوارچێوەیەدا، ئارین بارزانی لەگەڵ رەوان بنت نەجیب تەوفیقی، وەزیری کاروباری لاوانی شانشینی بەحرەین کۆ بووەوە.

لە دیدارێکی دیکەدا لە پەراوێزی لووتکەکەدا، لەگەڵ ئەسرار ئەنساری، بەڕێوەبەری بەشی گەنجان لە ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو کۆبووەوە.

هەروەها لەگەڵ دانیێل دێل ڤاڵە بلانکۆ، باڵیۆزی پێشوو و چاودێری هەمیشەیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی لاوان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە، ئارین بارزانیش خۆشحاڵیی خۆی بە ئەنجامدانی ئەو دیدارانە لە پەراوێزی لووتکەی جیهانیی لاوانی کوردستان – 2026دا دەربڕیوە.

کوردستان فاوندەیشن لە رێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە هەوڵ دەدات پەیوەندی و هاوکاریی راستەوخۆ لە نێوان لاوان و دامەزراوە حکوومییەکاندا بەهێز بکات، رۆڵێکی کاریگەر بە لاوان لە داڕشتنی سیاسەتەکاندا ببەخشێت و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنێت تا بەشداری لە دۆزینەوەی چارەسەری کردەیی بۆ کێشە و ئاستەنگەکانی کۆمەڵگە و پەرەپێداندا بکەن.

کۆبوونەوەکانی ئارین بارزانی بەشێک بوون لە چالاکی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییە فراوانەکانی لووتکەکە، کە بە بەشداریی شاندی 47 وڵات و لەژێر دروشمی سەرەکیی "داڕشتنی داهاتوو" بەڕێوە دەچێت، وەک سەکۆیەک بۆ بەهێزکردنی تواناکانی لاوان، هاوکاریی نێودەوڵەتی و کاری هاوبەش، لە رێگەی بەستنەوەی خواست و ئاواتەکانی لاوان بە شارەزایی و ئەزموونی سەرکردە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە.