فەرەنسا سێ مزگەوتی دیکە دادەخات
لە دوای هێرشەکانی پاریسەوە چەندین مزگەوت لەو وڵاتە داخراون
K24
وەزیری ناوەخۆی فەرەنسا رایگەیاند كە بڕیاری داخستنی سێ مزگەوتیی داوە، چونکە توندڕەوەكان لە مزگەوتەكانەوە "پیلانی ئەنجامدانی تەقینەوە و ھێرشی تیرۆرستیی دادەڕێژن".
بێرنارد كازینۆڤ، وەزیری ناوەخۆی فەرەنسا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند كە: بڕیاری داخستنی سێ مزگەوتیان داوە لە شارەكانی پاریس و لیۆن و ژێنڤیلیێر و ھۆكاری داخستنی مزگەوتەكانیش بۆ بەکارهێنانی ئەو مزگەوتانە لە لایەن توندڕەوەکانەوە بۆ داڕشتنی پیلانی ئەنجامدانی تەقینەوە و هێرشی تیرۆریستیی گەڕاندەوە".
بێرنارد كازینۆڤ ئاماژەشی کرد کە: لەكاتی پشكنین وگەڕان بەدوای گومانلێكراوان چەندین دەمانچە لە ماڵی ئەو كەسانە دۆزراوەتەوە كەوا ھاتووچۆی ئەو مزگەوتانەیان كردووە.
وەزیری ناوەخۆی فەرەنسا گوتیشی: لە سەرەتای گەڕان وپشكنینەكان بە دوای گومانلێكراوان تاوەكوو ئێستا 232 گومانلێكراومان دەستگیر كردووە و دەستیشمان بەسەر 334 چەكی جۆراوجۆردا گرتووە.
ئەم پێشهاتانە دوای هێرشەکانی پاریس هاتن کە مانگی رابردوو لە لایەن رێکخراوی داعش لە پایتەختی فەرەنسا ئەنجامدران و بوونە هۆی کوژرانی نزیکەی 130 کەس و برینداربوونی نزیکەی 300ی دیکە.