بەلجیکا پەنابەری عێراقیی دیپۆرت دەكاتەوە

كۆمسیۆنی كاروباری پەنابەرانی بەلجیکا رایگەیاند ئەو عێراقییانە دیپۆرت دەكەنەوە كە بێ بەڵگەنامەن و نیشتەجێی ئەو وڵاتەن.

دێرڤان بلوك، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمسیۆنی كاروباری پەنابەرانی بەلجیکا راشیگەیاند: "هەر ھاوڵاتییەکی عێراقی نیشتەجێی بەلجیکا ئەگەر هیچ بەڵگەنامەیەکی پێنەبێ دووای دەستگیركردنیان لە خێوەتگەیەکی داخراو دەستبەسەردەكرێن و پاشانیش رەوانەی عێراق دەكرێنەوە".

بەڕێوەبەری كۆمسیۆنی كاروباری پەنابەرانی بەلجیکا ئاماژەشی کرد کە: "زۆربەی ئەو عێراقییانەی لە بەغداوە ھاتوون كەیسەكانیان ھاوشێوەی یەكدییە و بەڵگەی ئەوتۆیان پێشكەش نەكردووە بیسەلمێنێ کە ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ بەغدا رووبەڕووی مەترسیی دەبنەوە".

بەرپرسە بەلجیکییەکە لە لێدوانەکانیدا هیچ ئاماژەیەکی بۆ پەنابەرانی کورد نەکرد کە نیشتەجێی ئەو وڵاتەن و مافی پەنابەریان بەدەستنەهێناوە.