ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا: داعش نزیکەی 25% ناوچەکانی بندەستی لەدەستداوە
"بەرهەمی هەماهەنگیمانە لەگەڵ پێشمەرگە و حکوومەتی عێراق"
سوزەن رایس، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند بەهۆی هەماهەنگیمان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و حکوومەتی عێراق داعش نزیکەی 25% ناوچەکانی بندەستی لە عێراق لەدەستداوە.
سوزەن رایس راشیگەیاند: ستراتیجیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و 65 هاوکارەکەمان لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی لە دژی رێکخراوی داعش، "پێشدەکەوێ و بەردەوام شکست بە رێکخراوەکە دێنین".
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەشڵێ: "لە سەرەتای دەستپێکردنی هەڵمەتی دژی داعش لە هاوینی ساڵی 2014 و ئەوکاتەی کە رێکخراوەکە بە خێرا پێشڕەوی دەکرد و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی سنوورەکانی دەدا لە نێوان عێراق و سووریا و دەستی بەسەر مووسڵ و شنگال گرت ئەوکات هەڕەشەی لە سەقامگیری دەوڵەتی عێراق دەکرد بە گشتیی، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا گۆڕانکاریی زۆر روویانداوە".
سوزەن رایس ئاماژەش دەکات کە: "داعش لە نێوان 20% بۆ 25%ی ئەو ناوچانەی لە دەستداوە کە پێش ساڵێکی دەستی بەسەریاندا گرت و بەشێکی زۆری بەدیهاتنی ئەم دەستکەوتە بەهۆی چەند هەنگاوێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانێتی و هاوکارەکانمان لەسەر زەوی بوو وەک حکوومەتی عێراق و هێزی پێشمەرگە".
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لەبارەی دۆخی بەغداوە دەڵێ: "بەغدا وەک پێشتر لە ژێر هەڕەشەی راستەوخۆدا نییە.. تەنانەت لە سووریا و ئەو ناوچانەی کە داعش دەستی بەسەریاندا گرتبوو بەتایبەت لە باکوور لەسەر سنووری تورکیا و ناوچەی دەوروبەری شاری کۆبانێ ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی هێزە هاوبەشەکانمانن لەسەر زەوی".
K24: CNN