باشترین پێكهاته‌ی خولی ئیتاڵیا دیاری كرا
ڕۆژنامه‌یه‌كیش ڕه‌خنه‌ی تۆند له پێكهاته‌كه ده‌گرێ
K24 ـ ژووری هه‌واڵ
دوای كۆتایی هاتنی یارییه‌كانی هه‌فته‌ی پازده‌یه‌می خولی پله‌یه‌كی تۆپی پێی ئیتاڵیا، یانه‌ی ئینته‌ر میلان پێشه‌نگی له یانه‌ی فیۆرێنیتنا وه‌رگرت و به 33 خاڵ هاته پله‌ی یه‌كه‌م و باشترین پێكهاته‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی خوله‌كه‌یش دیاری كرا.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 7 كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2015، ماڵپه‌ری WhoScoredـی تایبه‌ت به هه‌ڵسه‌نگاندنی یاریزانان و ئامار و داتا و مێژووی تۆپی پێ، پێكهاته‌ی نموونه‌یی سێریا ئه‌ی دیاری كرا.
ئه‌مه‌یش پێكهاته‌ی نموونه‌یی خوله‌كه‌یه:
گۆڵپارێز: سكۆروپسكی ـ ئیمپۆلی
به‌رگری: (لێتزیا ـ كاربی)، (كۆستا ـ ئیمپۆلی)، (ڕۆدریگێز ـ فۆرێنیتنا)، (ڕایمۆندی ـ ئه‌تلانتا).
ناوه‌ڕاستكار: (بادیلیچ ـ فیۆرێنتینا)، (پیرۆتی ـ جه‌نه‌وا)، (كۆسكا ـ ئه‌ی سی میلان)، (بیابانی ـ ئینته‌ر میلان).
هێرشبه‌ر: (جێرمان دێنیس ـ ئه‌تلانتا)، (گۆنزالۆ هیگواین ـ ناپۆلی).
ده‌ستنیشانكردنی ئه‌م پێكهاته‌یه كاردانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له لایه‌ن ڕۆژنامه‌ی لاگازێتا دیللۆ سپۆرتی ئیتاڵیا لێكه‌وته‌وه، ئه‌و ڕۆژنامه‌یه پێیوایه سته‌مێكی زۆر له یاریزانانی یانه‌ی یوڤێنتووس كراوه كه ئه‌م هه‌فته‌یه له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان له یانه‌ی لازیۆیان برده‌وه، كه‌چی هیچ یاریزانێكی ئه‌و یانه‌یه له پێكهاته‌ی یانه‌كه نابینرێت، به‌تایبه‌تی پاوڵۆ دیپالای هێرشبه‌ری ئه‌رژه‌نتینی یانه‌ی یوڤی كه ئه‌م هه‌فته‌یه ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كرد و یانه‌كه‌شی به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن برد ده‌بوو له پێكهاته‌كه‌دا بوونی هه‌با.
خولی پله‌یه‌كی تۆپی پێی ئیتاڵیا ئه‌م وه‌رزه جیاواز له ساڵانی تر كێبڕكێیه‌كی سه‌ختی له نێوان یانه‌كانی ئینته‌ر، فیۆرێنیتنا و ناپۆلی به‌خۆیه‌وه بینیه‌وه، یانه‌ی یوڤێنتووسی پاڵه‌وانی وه‌رزی ڕابردوویش له لوتكه‌ی خوله‌كه دووركه‌وتۆته‌وه و به 27 خاڵ له خانه‌ی پێنجه‌م جێگیر بووه.