موقتەدا سەدر له‌ باره‌ى "هێزه‌كه‌ى توركياوه‌" هاته‌ ده‌نگ

رابه‌رى رەوتی سەدر، موقته‌دا سه‌در، سەرسوڕمانی خۆی سەبارەت ئاڵۆزبوونی دۆخەكە لە دژی توركیا ده‌ربڕى .

K24 – به‌غدا:

رابه‌رى رەوتی سەدر، موقته‌دا سه‌در، سەرسوڕمانی خۆی سەبارەت ئاڵۆزبوونی دۆخەكە لە دژی توركیا ده‌ربڕى و ئامۆژگاری ئەنجۆمەنی ئاسایش دەكات كە بڕیارێكی یەكلاكەره‌وه‌ بۆ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى هێزه‌كانى توركيا له‌ عێراق ده‌ربكات.

موقتەدا سەدر، هۆشداريشى دا، كه‌ "ھەر جەنگێكی نوێ لە دەڤەرەكە رووبدات، داگیركاران بەھێز دەكات و باڵا دەستی  داعشیش فراوانتر دەكات".

لە راگەیاندراوێكدا، سەدر گوتى: "عێراقی بریندار  بۆیە مەیدانی ململانێی سیاسیی نێودەوڵەتی وھەرێمیی و دەوڵەتە دراوسێیەكان".

ھەر لە راگەیاندراوەكەیدا، سەدر دەڵێت: "ئێستا عێراق بووه‌تە گۆڕەپانی ململانێیەكانی ئەمریكا و رووسیا، یان ئەمریكا و رووسیا و توركیا و وڵاتانیتر، ئەوە ماوەیەكی درێژە ھێزەكانی توركیا لەسەر خاكی عێراق ھەن، بۆیە بۆچی لە ئێستادا دەبیتە ھەڕەشە لەسەرمان؟"

سەدر داواشى لە ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵه‌تی كرد، "بڕیارێكی سیاسی یەكلاكەروه‌ بۆ دەرخستنی هێزه‌كانى توركيا لە عێراق دەربكات".

سەبارەت بە خستنەخوارەی فڕۆكە جەنگیەكەی رووسیا، سەدر گوتی: "توركیا بە خستنەخوارەوەی فڕۆكەكە ھەڵەی كرد، ئەگەر ئەو فڕۆكەیە فڕۆكەی ئەمريكی یان ئیسرائيلی بوایە، توركیا نەيدەخستە خواره‌وه‌".