رووسیا: پێداگران لە رۆیشتنی ئەسەد هاوکات پارێزگاریی لە دۆخی ئێستای سووریا دەكەن
"ئەمریكا ئامادەیە ھێزی زەمینیی لە سووریا بەكاربێنێت“
K24
وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێ ئەوانەی سوورن لەسەر نەمانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لەسەر دەسەڵات، لە هەمانکاتدا بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پارێزگاریی لە دۆخی ئێستای سووریا دەكەن.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا راشیگەیاند: ئەوانەی پێیانوایە پێكھێنانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی داعش و مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵات بەربەستە بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پارێزگاریی لە دۆخی ئێستای سووریا و مانەوەی داعش دەكەن لەو وڵاتە".
لاڤرۆڤ ئاماژەشی کرد کە: "ئەمریكا ئامادەیە ھێزی زەمینیی لە سووریا بەكاربێنێت، بەڵام ئەمریکا ئەو هەنگاوەی بە دەستبەرداربوونی ئەسەد لە دەسەڵات بەستووەتەوە، رووسیاش ئەمە قبوڵناكات".
لاڤرۆڤ دەشڵێ: ئەگەر توانا سەربازییەكان یەكبخرێن و رووسیا و ئەمریكا یەكبگرن و ھێزی ئاسمانیی بەكاربێنن و ھەماھەنگیی لەگەڵ ھێزە زمینییەكانی دژی داعش بكەن، ئەوکات بە ئاسانیی دەتوانین داعش لەناوبەرین.