ئەنفلۆنزای بەراز لە پارێزگای كرمانی ئێران گەشتوگوزاریی پەكدەخات

جێگری بەڕێوەبەری ئیدارەی گەشتوگوزاری پارێزگای كرمان ڕایگەیاند، زیاتر لە 60%ی سەردانە گەشتیارییەكانی ئەو پارێزگایە بە ھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئانفولانزای بەراز ھەڵوەشاونەتەوە

K24 – هه‌ولێر:

جێگری بەڕێوەبەری ئیدارەی گەشتوگوزاری پارێزگای كرمان ڕایگەیاند، زیاتر لە 60%ی سەردانە گەشتیارییەكانی ئەو پارێزگایە بە ھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئانفولانزای بەراز ھەڵوەشاونەتەوە، تا ئێستاش 42 كەس بە ھۆی په‌تاكه‌ له‌ ئێران گیانیان له‌ دەست داوە.

جیھانشاھی جێگری بەڕێوەبەری ئیدارەی گەشتوگوزاری پارێزگای كرمان بۆ ئاژانسی ھەواڵی "ئیرنا"ی گوتی: "بە ھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئانفولانزای بەراز و پڕوپاگاندەكانی تایبەت بەو نەخۆشییە چەندین ھەلی گەشتوگوزار لەو ناوچەیە لەناو چوون".

جیھانشاھی گوتیشی، زیاتر لە 60%ی سەردانە گەشتیارییەكانی ئەو پارێزگایە ھەڵوەشاونەتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە كە  لە دوورگەی قۆشمیش چەندین وێستگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی په‌تاكه‌ دامەزرێنراون.

بەرپرسانی تەندروستی ئێران ڕایانگەیاندووە، كە ڤایرۆسی H1N1 ناسراو بە ئانفولانزای بەراز لە ناوچەكانی دیكەی ئێران كۆنتڕوڵ كراوە، ئەوە لە كاتێكدایە كە بەرپرسە فەرمییەكانی ئێران پێشتر رایانگەیاندبوو، كە تەنیا لە پارێزگای كرمان زیاتر لە 600 كەس بە ھۆی نەخۆشی ئانفولانزای بەرازەوە لە نەخۆشخانە خەوێنراون.

محەممەد مەھدی گویاش، سەرۆكی ناوەندی نەخۆشییە گوازراوەكان سەبارەت بە دوایین ئاماری تووشبووان بەو نەخۆشییە رایگه‌یاند، تا ئێستا 600 كەس تووشی ئەو نەخۆشییە بوون كە 42 كەسییان گیانیان لەدەست داوە.

لەو ژمارەیەش 33 كەس لە كرمان، 5 كەس لە سیستان و بەلوچستان، 2 كەس لە لۆرستان، كەسێك لە ئابادان و كەسێكیش لە كەرەج گیانیان لەدەست داوە.