یه‌كه‌مجاره‌ مۆرینهۆ به‌م شێوه‌یه‌ بپاڕێته‌وه‌

له‌ باره‌ی شكسته‌كه‌ تازه‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌دوێت

K24 ـ ژووری هه‌واڵ

یانەی چێڵسی بەردەوامە لە بەهەدەردانی خاڵەكان و ئەمجارەیان بە یانەی لیستەرسیتی دۆڕا، ڕاهێنه‌ری یانه‌ له‌نده‌نییه‌كه‌یش داواكارییه‌كی له‌ ئیداره‌ی یانه‌كه‌ی هه‌یه‌.

 

لە گەڕی شازده‌یه‌می پریمەرلیگ، یانەی چێڵسی بووە میوانی یانەی لیستەرسیتی و یارییەكەشی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك پێ دۆڕاند.

 

له‌ باره‌ی یارییەکەیش خۆزێ مۆرینیۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا کە چوار ڕۆژە بە یاریزانەکانی دەڵێت لیستەرسیتی چۆن گۆڵ دەکات!

ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە داوای لە سەرۆک و کارگێڕی یانەکە کرد کە لە پۆستەکەی بیھێڵنەوە.

مۆرینهۆ ده‌شڵێت: "من چوار رۆژە لەگەڵ تیپه‌كه‌م باسی چوار شێوازی گۆڵکردنی یانەی لیستەرسیتیم کردووە، بە راھێنانیش ھەموو ئەو شێوازە تێگەشتوون و دەیزانن، دەتوانن بانگیان بکەن و پێیان بڵێن ئەگەر کورانێکی باش بن دەڵێن ئەوەی من دەیڵێم راستە، کەچی دوو گۆڵمان لێ کرا، ھەردوو گۆڵەکەش یەکێک بوو لەو چوار شێوازەی کە یاریزانەکانم ئاگادار کرد بووەوە.

مۆرینهۆ كه‌ به‌ راهێنه‌ره‌ ده‌گمه‌نه‌كه‌ ناسراوه‌ گوتیشی: "بەڵێ من قبووڵمە بڵێن نزیکم لە ناوچەی دابەزین بۆ خولی پلە یەک، بەڵام قبوڵم نییە بڵێن تۆ لەناوچەی دابەزینی، پاشان من بەتەواوی ئەوە دەزانم دەبێت کاری بۆ بکەین."

مۆرینهۆ زیاتری گوت: "سەیری خشتەی خولەکەش بکە، ئێمه‌ 3 تا 4 مانگمان ماوە بۆ کۆتایی ھاتنی خولەکە، شتێکی ھەروا ئاسان نییە بڵێی تۆ لە ناوچەی دابەزینی و بارەکەت ترسناکە."

 

مۆرینهۆ جه‌ختی له‌وه‌یش كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و له‌ بەربەرەکانی ناترسێت، له‌ كۆتایی قسه‌كانیشدا ده‌ڵێت: داوا لە بەرێز ئەبراھیمۆڤیچ سه‌رۆكی یانه‌كه‌ و کارگێڕی یانەکە دەکەم بمھێڵنەوە، چونکە دەمەوێ بمێنمەوە.

 

یانەی بلوزیش بە كۆكردنەوەی 15 خاڵ هاتە پلەی شازدەهەمی ریزبەندی خولی ئینگلیزی، هه‌ڵبه‌ت خراپترین ده‌ستپێكی له‌ مێژووی یانه‌كه‌ له‌ خولی نایابی ئینگلیزی تۆمار كردووه‌ و مێژووییه‌كی ڕه‌شی له‌م وه‌رزه‌دا بۆ خۆی و یانه‌كه‌ی نووسیوه‌ته‌وه‌.