لە ئێران 90%ی منداڵانی پەنابەری ئەفغان لە خوێندن بێبەشن

بارۆدۆخی پەنابەران لە ئێران خراپە و لە زۆربەی مافەكانی ھاوڵاتیبوون بێبەشن

K24

فاتیمە ئەشرەفیی، سەرۆكی ئەنجوومەنی داكۆكیی لە پەنابەران لە ئێران رایگەیاند تەنیا 10%ی منداڵانی پەنابەرانی ئەفغان لە ئێران مافی خوێندنیان ھەیە.

فاتیمە ئەشرەفیی راشیگەیاند: بارۆدۆخی پەنابەران لە ئێران خراپە و لە زۆربەی مافەكانی ھاوڵاتیبوون بێبەشن، كە دیارترینیان بێبەشبوونیانە لە خوێندن.

كۆمیسیۆنی تایبەت بە مافەكانی پەنابەران لە ئێران لە راپۆرتەکەیدا تیشكی خستووەتە سەر سەرجەم بوارەكانی ژیانی پەنابەران و یەك لەوانیش مافی خوێندنی سەرەتاییە بۆ منداڵانی ئاوارە، بەڵام بە گوتەی ئەو كۆمیسێونە دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران ئەو پرسە دووچاری كێشە بوو.

سەرۆكی ئەنجوومەنی داكۆكیی لە پەنابەران لە ئێران ئاماژە بە وەرگرتنی باجی چەند لایەنە دەکات لە منداڵی پەنابەران لە ئێران كە لە ساڵی 2005 لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێرانەوە پەسند كراوە.

بە گوتەی فاتیمە ئەشرەفیی: تەنانەت دوای پەیامی عەلی خامەنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش كە گوتبووی منداڵانی ئەفغان مافی خوێندنیان ھەیە، بەڵام بە كردەوە دوای ئەو قسەیەش تەنیا 10% لە منداڵانی پەنابەری ئەفغان لە ئێران دەتوانن بە فەرمیی بخوێنن.

سەرۆكی ئەنجوومەنی داكۆكیی لە پەنابەران گوتیشی: لانیكەم ملیۆنێك پەنابەری فەرمیی و سێ ملیۆن پەنابەر نافەرمیی ئەفغان و عێراقیی لە ئێران دەژین.

ھاوڵاتیانی ئەفغان گەورەترین گرووپی پەنابەرانن لە ئێران كە لە چەند دەیەیی رابردووەوە لە ئێران دەژین و بە گوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مافی مرۆڤەوە لە زۆربەی مافە سەرەتاییەكانی ھاولاتیبوون و خزمەتگوزارییەکانی حكوومەت بێبەشن.

 

سەرچاوە: ئاژانسەکان