سبه‌ی له خولی نایابی كوردستان ئه‌م یارییانه ده‌كرێن
یاری لوتكه و ئاگرین له هه‌ولێری پایته‌خت ده‌بێت
K24 ـ هه‌ولێر
سبه‌ی پێنجشه‌ممه، له گه‌ڕی سێیه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان، یارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م به‌ڕێوه ده‌چن، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش له كات 2:00ـی پاشنیوه‌رۆ ده‌كرێن.
هه‌ولێر ـ زێره‌ڤانی
ئه‌م یارییه سبه‌ی به ناوبژیوانیه‌تی له‌بیب حه‌بیب له یاریگه‌ی یه‌كه‌می فه‌ره‌نسۆ هه‌ریری ده‌كرێت، كه تێیدا یانه‌ی هه‌ولێر میوانداریی یانه‌ی زێره‌ڤانی شاری دهۆك ده‌كات.
یانه‌ی هه‌ولێر له‌م وه‌رزه‌دا، راگرتنی یارییه‌كانی خولی نایابی عێراقی به‌ده‌رفه‌ت زانیوه و 9 یاریزانی ئه‌و خوله له پێكهاته‌ی یانه‌كه‌ی بۆ خولی كوردستان جێگیر كردووه.
یانه‌ی زێره‌ڤانی پاڵه‌وانی 3 وه‌رزی رابردوو، ئه‌مساڵ گۆرانكارییه‌كی زۆری له پێكهاته‌كه‌ی كردووه و به هیوای ده‌ستخستنی 3 خاڵی یارییه‌كه گه‌شتی هه‌ولێری كردووه.
ئه‌م دوو یانه‌یه كه له كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م یاریی ده‌كه‌ن، له دوویاریی رأبردوویش هێشتا تامی بردنه‌وه‌یان نه‌كردووه، یانه‌ی زێره‌ڤانی خاوه‌نی 2 خاڵه و هه‌ولێریش ده‌ستكه‌وته‌كه‌ی ته‌نیا تاكه خاڵێكه.
شێروانه ـ كه‌ركووك
ئه‌م یارییه سبه‌ی به دادوه‌ری دڵشێر عومه‌ر له شارۆچكه‌ی كه‌لار له گه‌رمیان به‌ڕێوه ده‌چێت، یانه‌ی كه‌ركووك هه‌فته‌ی رابردوو به بردنه‌وه‌ی له یانه‌ی ئارارات قه‌ره‌بووی شكسته‌كه‌ی ده‌ستێكی خوله‌كه‌ی كرده‌وه.
یانه‌ی شێروانه‌یش وه‌ك زۆربه‌ی یانه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م وه‌رزه، خووی به یه‌كسانبوون گرتووه و له ههردوویاریشدا كه ئه‌نجامی داوه خاڵه‌كانی له‌گه‌ڵ یانه‌كانی هه‌ندرێن و زێره‌ڤانی دا به‌ش كردووه. به 2 خاڵ له خانه‌ی پێنجه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دێت.
یانه‌ی كه‌ركووك ده‌ستپێكی خوله‌كه‌ی به‌شكست ده‌ست پێ كرد، به‌ڵام له یاریی دواتر تۆڵه‌ی شكسته‌ی له یانه‌ی ئارارات كرده‌وه و 3 خاڵی یارییه‌كه‌ی لێ وه‌گرت، ئه‌گه‌ر سبه‌یش براوه بن، ئه‌وا هیوای گه‌یشتن به لوتكه‌ی خوله‌كیان هه‌یه.
ئارارات ـ زاخۆ
ئه‌م یارییه له شارۆچكه‌ی پیرمام ده‌كرێت، یانه‌ی ئارارات سبه‌ی به راهێنه‌رێكی نوێ ده‌رده‌كه‌وێت، كه ئه‌ویش سه‌عد ناسری گۆڵپارێزی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عیراقه كه له شوێنی سه‌مه‌د جه‌وهه‌ر ئه‌ركی راهێنانی یانه‌ی ئاراراتی وه‌رگرتووه.
یانه‌ی ئارارات هه‌فته‌ی رابردوو به ده‌ستی خاڵییه‌وه له كه‌ركووكه‌وه بۆ پیرمام گه‌ڕایه‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش بارودۆخی یانه‌كه باش نابینرێت، سبه‌یش یانه‌كه له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ردایه، یان بارودۆخی یانه‌كه ئاڵۆزتر ده‌بێت و شكستێكی دیكه‌یان دێته ڕێ، یان پشت له رابردوو ده‌كه‌ن و لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپی ههڵدهدنهوه و سه‌ركه‌وتنێك ده‌بێته یه‌كه‌مین شیرینی ئه‌م وه‌رزه‌ی یانه‌كه، له باری یهكسانبوونیشدا ره‌نگه هه‌ر له دواخانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان بمێننه‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، یانه‌ی زاخۆ لوتكه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی گرتووه، ئه‌وان چاك ده‌زانن گره‌نتی مانه‌وه‌یان له پێشه‌نگ ته‌نیا بردنه‌وه‌یه، بۆیه شه‌ڕی مان و نه‌مان بۆ تێكشاندنی ئارارات ده‌كه‌ن.
یارییه‌كانی رۆژی هه‌ینی
بریاریشه یارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌می خوله‌كه، رۆژی هه‌ینی دادێ كه ده‌كاته 8ـی ئه‌م مانگه به‌ڕێوه بچن، كه پێكهاتوون له‌م یارییانه.
گاره ـ دهۆك
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ـ برایه‌تی
سۆلاڤ ـ نه‌ورۆز
خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان ئه‌م وه‌رزه بۆ یه‌كه‌مینجار به به‌شداریی 13 یانه به شێوازی دوو گرووپ به‌رێوه ده‌چێت، یانه‌ی سلێمانی به‌هۆی كشانه‌وه له خوله‌كه بۆ خولی پله‌یه‌ك دابه‌زی، یانه‌كانی گاره و سۆلاڤ دوو یانه نوێیه‌كه‌ی ئه‌م خوله‌ن كه وه‌رزی رابردوو بۆ خولی نایاب سه‌ركه‌وتن.