50% ی گەنجانی پارێزگای ئیلام بێكارن

ئیلام يه‌كێكه‌ له‌و شارانه‌ى سامانى نه‌وت و گازى تێدا زۆره

K24 – هه‌ولێر:

نوێنەری پارێزگای ئیلامیی رۆژھەڵاتی كوردستان لە ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی، عومران عەلی محەممەدی رایگەیاند،  "50%ی گەنجەكانی ئەو پارێزگایە بێكارن، ئەوە لە كاتێكدایە ئیلام يه‌كێكه‌ له‌و شارانه‌ى سامانى نه‌وت و گازى تێدا زۆره‌".

محەممەدی گوتی: "سەرەڕای بوونی ھێزی كارى زۆر لەو پارێزگایە، بەڵام حكوومەتى كۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگاكانی ديكه‌وه‌ ھێزی كار بۆ پرۆژەكانی نەوت و گازی ئەو پارێزگا دێنێت. ئەوەش ئاماری بێكاری لەو پارێزگایە بەرز كردووەتەوە".

پارێزگای ئیلامی رۆژھەڵاتی كوردستان لە سەرچاوە گرنگەكانی نەوت و گازە، بەڵام لە رووی ئاوەدانی و ئابوورییەوە لە ناوچە ھەژارەكانی ئێران ھەژمار دەكرێت.

بە گوێرەی زانیاری میدیا ناوخۆییەكانی ئێران 57.2% ی گەنجانی تەمەن 18 بۆ 29 ساڵ لە پارێزگای ئیلام بێكارن، ھاوكات رێژەی بیكاری گەنجەكانی پارێزگای كرماشانیش گەیشتووەتە 50.2 % .

پارێزگای كرماشان و ئیلام سەرچاوەی گرنگی نەوت و گازن و بە پێیی بەرنامەی پێنجەمی پەرەپێدانی ئابووری، پێویستە حكوومەت بەشێك لە داھاتی نەوتی ئەو ناوچانە بۆ ئاوەدانی و بووژانەوەی ناوچەكە تەرخان بكات.

كۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، "بە پەرەپێدانی یەكەكانی كەرتی نەوت لەو پارێزگایە، ئیلام دەبێتە سێیەم جەمسەری پيشەسازی لە ئێراندا".

جێگری كاروباری پێشەسازی و بازرگانی ئێرانیش ھاوینی ساڵی رابردووە گوتبوویی: "لە كۆی 565 یەكەی وەبەرھێنان لە پارێزگای ئیلام، 174 یەكە بەتەواوی داخراون، سەرەڕای ئەوەی بەشێك لە یەكە وەبەرھێنانەكانیش بە ھۆی كەمی بوودجە داخراون".

وەزیری كاری كۆماری ئیسلامی ئێران،عەلی رەبیعیش دەڵێت: "زیاتر لە 20 ساڵە رێژەی بێكاری لەو پارێزگایە لە بەرز بوونەوە دایە ئەوەش مەترسی گەورەی خستووەتە سەر ئەو پارێزگایە".