به‌رپرسێكى سى ئاى ئه‌ى: تا ئێستا رووبه‌ڕووى مه‌ترسييه‌كى وه‌ك داعش نه‌بووينه‌ته‌وه‌

ئەفسانەكەی له‌ سەر دەستی پێشمەرگە له‌ناو چووه‌.

K24 – هه‌ولێر:

لە دانپێدانێكدا بۆ كۆمیتەی خزمەتگوزاری ھێزە چەكدارەكان لە كۆنگرێس، سەرۆكی پێشووی دەزگای ھەواڵگری ناوەندیی ئەمریكا، سی ئای ئه‌ی، مایكڵ مۆڕێڵ، ئەوەی دووپاتكردەوە، لە ئێستادا شەڕكەری زیاتر لە 20 وڵات روویان لە رێكخراوی تیرۆرستی داعش كردووە، كە بە بەراورد لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە، رێژە و كاتی فراوانبوونیان جێی نیگەرانی و مەترسین بۆ سەر جیھان و ئەمریكا.

مایكڵ مۆڕێڵ، سەرۆكی پێشووی سی ئای ئه‌ى، له‌و باره‌يه‌وه‌ گوتى: "پێموایە داعش مەترسییەكی ستراتیژییە بۆ سەر ئاسایشی ئەمریكا. مەترسییەكانی داعش لەوەدایە، ئەو رێكخراوە لە یەك كاتدا، گروپێكی تیرۆرستی و نیمچە دەوڵەتێكه‌. ئێمە پێشووتر رووبەڕووی رێكخراوێكی وەھا نەبووینەتەوە".

هه‌روه‌ها گوتى: "سەرەڕای ئەوەی رێكخراوەكە، لە ئێستادا سنووری زۆری لە عێراق و سوریا لەدەست داوە و ئەفسانەكەی له‌ سەر دەستی پێشمەرگە له‌ناو چووه‌، به‌ڵام پاڵپشتی دعش لە ئەمریكاش زیادیان كردووە و ھاوكات، داعش، دەیەوێت و كردەی تیرۆرستی لە ئەوڕوپا بەردەوامی پێبدات و بۆ ھەمان ئامانج، دزە بكاتە ناو ويلايه‌تە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، مەگەر له‌ كاتێكی كەمدا رێگری لێ بكرێت".

ھەروەھا، مایكڵ مۆڕێڵ، گوتى: "ئێستا داعش ھەڕەشەیەكی سەرەكییە لەسەر جوگرافیای رۆژھەڵاتی ناوەڕاست".

روونيشيكرده‌وه‌، "ئەگەر لەو ناوچەیە رێگری لە داعش نەكرێت، ئەوان سەركەوتوو دەبن، چونكە ئەوان وەك حكومەتێك مامەڵە دەكەن و سوود لە سەرچاوە مرۆڤی و سروشتییەكان وەردەگرن. ئەمەش جەنگی ئایینزایی و نەتەوەیی لە ناوچەكە زیاتر دەكات، چونكە خوازیاری فراوانكردنی سنوورەكانییەتی و زۆرترین رێژەی نەوت لەو بەشەی جیھان لە ژێر ھەڕەشەی ئەو ھێزانەیە."

به‌گوێره‌ی سەرچاوەكانى دەزگای ھەواڵگری ناوەندیی ئەمریكا، سی ئای ئه‌ی، داعش تا ئێستاش لە سوریا مەترسییەكی سەرەكییە و كەسی جیھادی رووی تێدەكەن. ھەروەھا، تا ئێستا زیاتر لە 36 ھەزار شەڕكەری بیانی روویان لەو رێكخراوە كردووە، كە 6 هه‌زار و 600 كەسیان خەڵكی رۆژئاوان و روویان لە سوریا كردووە.

ھەروەھا، پۆلیسی فیدراڵی لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لەسەر زیاتر لە 900 كەیسی گوماناوی لە ئەمریكا ده‌كه‌ن.

لە دوایین وتاری ساڵانەی بارى ئيتيحاديدا، ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا جەختی لەوە ئەوە كردەوە، ئەوان تاوتوێی ستراتیژییەتێكی نوێی دەكەن بۆ كۆتایی پێھێنانی داعش.