ترەمپ: هیچ وادەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا نییە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دیاریکردنی هەر خشتەیەکی کاتی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا رەتدەکاتەوە و بە گاڵتەجاڕییەوە وەڵامی لێدوانەکانی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەداتەوە، کە ئاماژەی بەوە کردبوو تیمی ترەمپ هەوڵدەدەن پێش سەرەتای ساڵی 2027 رێککەوتنەکە تەواو بکەن.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "بلومبێرگ"، زێلێنسکی رایگەیاندبوو، تیمی دانوستانکاری ئەمریکی کە لە هەریەکە لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردەکانی ترەمپ پێکدێن، کاردەکەن بۆ ئەوەی "بە زووترین کات" کۆتایی بە ململانێکە بهێنن، پێشبینیشی کردبوو خواستێک هەبێت بۆ تەواوکردنی رێککەوتنەکە پێش مانگی کانوونی دووەمی 2027.
زێلێنسکی روونیشیکردەوە، کیێڤ هاوڕای واشنتنە لەسەر خێراکردنی پرۆسەکە، بەو مەرجەی چارەسەرەکە "تەنیا لەسەر حیسابی ئۆکرانیا نەبێت".
مانگی کانوونی دووەم گرنگییەکی ستراتیژی بۆ کیێڤ هەیە، چونکە هاوکاتە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کۆنگرێسی نوێی ئەمریکا لە 3ی هەمان مانگدا. لێدوانەکانی ئۆکرانیا دەریدەخەن کە کیێڤ پلانی جێگرەوەی هەیە ئەگەر دانوستانەکان پێش کۆتایی ئەمساڵ شکست بهێنن؛ پلانەکە بریتییە لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ زۆرینەی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس بۆ پەسەندکردنی پاکێجێکی گەورەی هاوکاریی سەربازی و توندکردنی سزاکان لەسەر مۆسکۆ، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی تێچووی بەردەوامبوونی شەڕ و ناچارکردنی رووسیا بە دانوستان.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ بایەخی ئەو خەمڵاندنە کاتییانەی کەمکردەوە و لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"، بە پێکەنینەوە لەسەر قسەکانی زێلێنسکی گوتی: "کێ ئەوەی گوتووە؟ ئەو دەیەوێت من چی بکەم؟".
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە پابەندی هیچ وادەیەکی دیاریکراو نییە و گوتی: "من تەنیا دەمەوێت ئەم بابەتە کۆتایی بێت". هاوکات ئاماژەی بەوەش دا کە گەیشتن بە ئاشتی پێویستی بە رێککەوتنی هەردوولا هەیە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی واشنتن ناتوانێت چارەسەرێک بە تەنیا و لە یەک لاوە بسەپێنێت.
ئەم پێشهاتانە دوای گەڕێکی دانوستانی سێقۆڵی دێن کە رۆژانی 10 و 11ی ئەم مانگە (تشرینی دووەم) لە ئەبوزەبی، ئەمریکا، رووسیا و ئۆکرانیای کۆکردەوە. سەرەڕای ئەوەی گەڕەکە بووە هۆی لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی سەبارەت بە گرێبەستێکی گەورەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی لە دۆسیە جەوهەرییە هەڵپەسێردراوەکاندا بەدەست نەهێنا، کە لە سەرووی هەموویانەوە پرسی سەروەری بەسەر خاک و گەرەنتییە ئەمنییەکان دێت.