رۆژنامەکانی ئێران: رۆژێكی خۆش بۆ جیھان

"ئێران دەبێت بارۆدۆخی ناوچەكە لەبەرچاو بگرێت"

K24- هەولێر:

رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران مانشێتەكانیان تایبەت كردووە بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناوەكی ئێران و وڵاتانی 5+1، رۆژنامەكانی سەر بە پارێزگاران زیاتر چاوەڕێیی ئەنجامی رێككەوتنەكە دەكەن، بەشێك لەسەر ئەو بڕوایەن كە ئێران ناچار دەبێت، ئیمتیازی زیاتر بدات، بەڵام ریفۆرمخوازان ئەو رێككەوتنە بە مێژوویی و رۆژێكی خۆش بۆ جیھانیان دەزانن.

رۆژنامەی شەرق نووسیویەتی: "دوێنی بە خۆشی و شادی دەستیپێكرد، بەڵام بە چاوەڕوانی و دڵەڕاوكێ كۆتایی ھات".

رۆژی لابردنی گەمارۆی جیھانیی لەسەر ئێران، بۆ ھەموو جیھانیان رۆژێكی پڕ ھەرا و ھەنگامە بوو، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە زمانە جیاوازەكان لە ھەر چركەیەكدا بە ملیۆنان بیروبۆچوونیان ئاڵوگۆڕ دەكرد.

رێككەوتنی ناوەكی تابلۆی رێگایەكی نوێ

لە سەروتاری رۆژنامەی ئیعتماد دا نووسەر دەڵێ: "دوێنی ھاووڵاتییانی ئێرانی ئیسلامیی بە ئارامی سەریان نایە سەر سەرینەكانیان، تاكوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ كە لە خەو ھەستان رۆژێكی بێ گەمارۆی ئابووریی دەستپێبكەن".

ئەو نووسەرە لە درێژەدا نووسیویەتی: "رێككەوتنی ناوەكی تابلۆی رێگایەكی نوێیە بۆ سیاسەتوانیی، رێگایەك تێیدا ئێرانییەكان بە زمان و لۆژیكێكی نوێ لەگەڵ دونیا گفتوگۆ دەكەن".

جێبەجێبوونی رێككەوتنی ناوەكی موعجیزە نییە

لە وتارێكی رۆژنامەی وەقایعی ئێتفاقیە نووسەر پێیوایە، جێبەجێبوونی رێككەوتنی ناوەكی "موعجیزە" نییە، و دەڵێ: "پێویست ناكات چاوەڕوانیی زۆرمان ھەبێت، وڵات پێویستی بە بەھرە وەرگرتن لە ھەلەكانی دوای جێبەجێبوونی رێككەوتنەكەیە. ئیتر نابێت بیانوو بە دوژمن بدەین. رۆژئاوا و ئەمریكا، زلھێزێكی وەك رووسیاشیان خستووەتە داوی گەمارۆوە.

رۆژنامەی كەیھان (پارێزگاران) نووسیویەتی: "سەرەڕای ئەوەی دوێنی سەرجەم میدیاكان چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی راپۆرتی ئاژانسی ناوەكی و راگەیاندنی رۆژی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناوەكی ئێران و وڵاتانی 5+1 بوون، بەڵام ئەو ھەواڵە بڵاونەكرایەوە، بە رواڵەت ئەمڕۆ ئەنجامەكان رادەگەیەنرێن".

ئێران لە چەقبەستوویەوە بەرەو كراوەیی

روژنامەی قانوون نووسیویەتی: "جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناوەكی، ئێران لە سیاسەتێكی دەرەكیی چەقبەستووەوە بەرەو ژیانێكی ئابووریی و سیاسیی كراوە دەبات، بەمەش دەتوانین ھاوشانی سیستەمی نێودەوڵەتی بڕۆین. سەبارەت بە سیاسەتی ناوچەكەش ئێران دەبێت بارۆدۆخی ناوچەكە لەبەرچاو بگرێت و ژیرانە ھەنگاو بنێت و خۆی نەخاتە داوی تۆمەتەكانی وڵاتانی ناوچەكە و كەشی گونجاو بۆ ھەنگاوەكانی داھاتووی بخوڵقێنێت.

رۆژنامەی ئیبتكار نووسیویەتی: "دەبێت حەسەن رووحانی بە ھاووڵاتیان رابگەیەنێت، بووجەی ئاوەدانكردنەوە ئەمساڵ 46 ھەزار ملیارد تمەن بووە، بەڵام لە 6 مانگی رابردوودا نەیتوانیوە زیاتر لە 600 ملیارد تمەن خەرج بكات، چونكە كابینەی رووحانی بوودجە و پارەی نەبووە".

نووسەر لە درێژەی وتارەكەیدا دەنووسێت: "پێویستە سەرۆك كۆمار ئەو پرسانە بۆ ھاووڵاتیان شیی بكاتەوە و پێیان رابگەیەنێت، زیاتر لە 7 ملیۆن كەس لە ئێران بێكارن، بە رەچاوكردنی بارودۆخی ئێستای ئێران، دابینكردنی تەنیا یەك ھەلی كار پێویستی بە 30 بۆ 59 ملیۆن تمەنە، بە واتایەكی دیكە ئەگەر حكوومەت بیەوێت تەنیا بۆ 10 كەس كار دابین بكات، پێویستە 300 بۆ 500 ملیۆن تمەن خەرج بكات.

Fly Erbil Advertisment