"تەنیا 40%ی كاندیدەكانی ھەڵبژادەن دەرچوون"

كرانەوەی سیاسەتی دەرەكی و داخرانی سیاسەتی ناوخۆیی

K24-ھەولێر:

رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران كاردانەوەی جیاوازییان بەرامبەر دەستپێكردنی جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی ناوەكی ئێران و وڵاتانی 5+1 بووە ، ھاوكات پرسێكی گرینگی دیكەی رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران رەتكردنەوەی كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامییە.

رۆژنامەی یاسا نووسیویەتی: "لەحالێكدا ھاووڵاتیان دڵخۆش و سەرمەستی سەركەوتنی ناوەكین، تەنیا بە ماوەی رۆژێك رەتكردنەوەی كاندیدەكان، ئەوەیش بەو شێوازە بەرفراوانە، دەریدەخات سیاسەتی ناوخۆ و سیاسەتی دەرەوەی تەواو پێچەوانەی یەكتر ھەنگاو دەنێن، ئەو شێوە سیاسەتە كەمتر لە جیھان بەدیدەكرێت، چۆن دەبێت تەنیا 40%ی كاندیدەكان لە فیلتەری شورای نیگەھبان دەرچن؟".

كرانەوەی دەرەكی و داخرانی ناوخۆیی

رۆژنامەی ئیعتماد نووسیویەتی: "رەتكردنەوەی بە لێشاوی كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران، ھاوكات جێژن و شادی بە بۆنەی رێككەوتنی ناوەكی درزێكی سیاسیی گەوەرەیە، ئەو درزەش نەك ھەر بەرێككەوتنی ناوەكی چاك نابێتەوە بەڵكوو ھیچ دەستكەوتێكی دەرەكی دیكە ناتوانێت درزی سیاسیی ناوخۆیی چارەسەر بكات. 

سەروتاری رۆژنامەی جەوان (پارێزگاران)، بە پێچەوانەی رۆژنامەكانی دیكەی سەر بە پارێزگاران كە زیاتر ھەوڵیانداوە رووی نەرێنی رێككەوتنی ناوەكی بەرجەستە بكەن، نووسەر دەڵێت: "بە گوێرەی بەیاننامەی ھاوبەشی زەریف و موگرینی، جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی ناوەكی، گەمارۆ ئابووریی و داراییە یەك لایەنە و چەندلایەنەكانی تایبەت بە بەرنامەی ناوەكی ئێرانی ھەڵوەشاندەوە و كۆتایی بە سەرجەم بڕیارنامەكانی پێشووش ھێنا. بێگومان ئەو كەسانەی بڕیاری ئەو گەمارۆیانەیان بە دژی ئێران دەركردبوو، لەسەر ئەو بڕوایە بوون، دەركردنی بڕیار بە دژی ئێران و گەمارۆی ئابووری دەتوانێت، ھاووڵاتیانی ئێرانی بە چۆكدابێنێت، بەڵام ئەمرۆ لەژێر سێبەری رێنماییەكانی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران و خۆڕاگری خەڵك ئەمریكا و رۆژئاوا دانیان بە مافی ناوەكی ئێران داناو و گەمارۆكانیان ھەڵوەشاندەوە.

گەمارۆ دژە ئینسانییانە نەیانتوانی شكۆی ئێران بشكێنن

لە وتارێكی رۆژنامەی شەرق (ریفۆرمخوازان) نووسەرە دەڵێت: "لەگەڵ دەستپێكی جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی ناوەكی، ئێران و وڵاتانی زلھێز دەرگایەكی دیكە دەكەنەوە كە بڕیارە باوەر و یاسامەندی تێیدا حاكم بێت، دەسپێكی رێككەوتن مانای دەستبەرداربوونە لە رێوشوێنەكانی پێشوو، واتە ئێران رەفتارەكانی گۆڕێوە و وڵاتە زلھێزەكانیش دژایەتی ناكەن.

رۆژنامەی شەھروەند نووسیویەتی: "گەمارۆكان تایبەتبوون بە 6 سال لەمەوبەر، لە حالێكدا ئێران پێشتریش بەھیز بوو و پشتی بە خۆی بەستبوو، گەمارۆ دژە ئینسانییانە نەیانتوانی شكۆی ئێران بشكێنن، گەمارۆكان ھەڵوەشانەوە و ھێز و دەسەڵاتی ئێران ھەر وەك خۆیەتیی.

رۆژێكی نوێی بۆ ئێران

سەرۆكی بانكی ناوەندی ئێران لە رۆژنامەی وەقایعی ئیتفاقییە نووسیویەتی: "ئێستا گەمارۆ نەماوە، ئێتر سەرمایەكانی ئێران دەستیانبەسەردا ناگیرێت، ئێمە ئیستا خاوەنی داھاتەكانی خۆمانین، ئێستا پێتانڕادەگەیەنم، ئەو پارەیەی كە دەستیبەسەرداگیرابوو 32 ملیارد و 600 ملیۆن دوڵارە و ھەموو گەڕاوەتە ناو خزێنەی ئێران".