داهاتی به‌ قاچاغبردنی په‌نابه‌ران بۆ ئه‌وروپا له‌ 2015 بزانه‌

داهاتی قاچاغچییانی گواستنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له‌ 2015، گه‌یشتووه‌ته 3 تا‌ 6 ملیار دۆلار

K24 – ئه‌وروپا:

سه‌رۆكی پۆلیسی ئه‌وروپا، رایگه‌یاند، "داهاتی قاچاغچییانی گواستنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له‌ 2015، گه‌یشتووه‌ته 3 تا‌ 6 ملیار دۆلار".

 سه‌رۆكی پۆلیسی ئه‌وروپا، رۆب وینرایت، گوتی: "داتاكانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، پارساڵ، زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن كه‌س له‌به‌ر برسییه‌تی و له‌ ترسی شه‌ڕ و كوشتاره‌كان، روویان له‌ ئه‌وروپا كردووه‌".

رۆب وینرایت، زیاتر گوتی: "زانیومانه‌ هه‌ر په‌نابه‌رێك 3 تا 6 هه‌زار یۆرۆی به‌رامبه‌ر گواستنه‌وه‌ی بۆ ئه‌وروپا داوه‌ته قاچاغچییه‌ تاوانباره‌كان". ‌

سه‌رۆكی پۆلیسی ئه‌وروپا، روونیكرده‌وه‌، "به‌ گوێره‌ی ئه‌مه‌، به‌شێوه‌یه‌كی بیركاریانه‌ی ساده‌ شیی بكه‌ینه‌وه‌‌، داهاتی قاچاغچییه‌كان له‌ 2015، 3 تا 6 ملیار دۆلار بووه‌".

به‌رپرسی پۆلیسی ئه‌وروپا، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "داهاته‌كانی به‌ قاچاغبردنی په‌نابه‌ران، ركابه‌ری له‌گه‌ڵ بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌كات".

ئاشكراشیكرد، "گۆڕه‌پانی ئه‌و بازرگانییه‌ نا یاساییه‌، ده‌یان هه‌زارقاچاغچی بۆ خۆی راده‌كێشێت"، هاوكات روونیكرده‌وه‌، "له‌ 2015، پۆلیسی ئه‌وروپا، ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌، 10 هه‌زار و 700 كه‌س گومانی ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت كاری قاچاغچییه‌تی گواستنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بكه‌ن".   

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئاژانسه‌كانی هه‌واڵی به‌ریتانیا ئامارێكی رێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تیان بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، رایانگه‌یاندووه‌، "له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی یه‌كه‌می سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ 2016، 23 هه‌زار و 300 كۆچبه‌ری له‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقیا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌وروپا". 

ئه‌و ئاماره‌ سێ ئه‌وه‌نده‌ له‌ ئاماره‌كانی سه‌ره‌تاكانی پارساڵ زیاتره‌، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ 2015، رۆژانه گه‌یشتنی‌ 570 په‌نابه‌ر بۆ كه‌ناره‌ ئاوییه‌كانی یۆنان و ئیتاڵیا تۆماركراون، كه‌چی ئه‌مساڵ 2016، رۆژانه 1700 په‌نابه‌ر گه‌یشتوونه‌ته‌ كه‌ناره‌ ئاوییه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته‌.    

ئه‌گه‌ر گه‌یشتنی په‌نابه‌ران بۆ ئه‌وروپا به‌و رێژه‌ زۆره به‌رده‌وامبێت، پسپۆڕان مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مساڵ ژماره‌ی گه‌یشتنی په‌نابه‌ران بۆ ئه‌وروپا، به‌ربه‌ستی یه‌ك ملیۆن و سه‌د هه‌زار كه‌س بشكێنێت.

 

سه‌رچاوه‌: RTA له‌ ئاژانسه‌كان