ڤۆلەر: یانەکانی پرێمەرلیگ شێتانە پارە خەرج دەکەن

K24 ـ هه‌ولێر

رۆدی ڤۆلەری بەڕێوبەری وەرزشی یانەی بایەر لیڤەرکوزنی ئەڵمانی لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی ده‌ڵێت: "ئێمە بیرمان لە ھێنانی چیچاریتۆ نەدەکردەوە بەڵام ئەو پارە زۆرەی تۆتنھام بۆ کڕینی ھۆنگ مین سونی یاریزانی یانەکەمان تەرخانی کرد نەمانتوانی دەستبەرداری نەبین و ھۆکاری سەرەکی کرینی چیچاریتۆش ھەر ئەو پارە زۆرە بوو.

لە کاتی گواستنەوەی ھاوینەی یاریزانان یانەکانی پرێمەرلیگ بڕی ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆیان بۆ کڕینی ھەریەک لە شڤانشتایگەر، کیڤن دی برۆین، رۆبیرتۆ فێرمینھۆ و ھۆنگ مین سون تەرخان کرد، ئەوەش وای کرد بۆندیسلیگا بوژانەوەیەکی گەورە به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت.

بەڵام ئەو پارە زۆرەی پرێمەرلیگ وای لە بەرپرسانی ئەو خولە کردووە بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکان بکەن.

رۆژنامەی کیکەرزی ئەڵمانیش لە راپرسییەک ئاشکرای کردووە کە زیاتر لە نیوەی یاریزانەکانی خولی بۆندیسلیگا ئامادەن ئەو خولە جێ بھێڵن بە پارەیەکی باشتر و بەرەو خولی ئینگلیزی کۆچ بکەن. 

ھەر بەپێی رۆژنامە ئەڵمانییەکان خولی ئەڵمانی لە قەیرانی نەمانی ئەستێرە دایە، ئەگەریش بەو جۆرە بەردەوام بن لە فرۆشتنی ئەستێرەکانیان ئەوا خولی ئەڵمانی لەتوانای نابێت رکابەری لەگەڵ ھیچ خولێکی دیکەدا بکات.