رادڤانسكا خه‌ونه‌كانی ئۆجینی به‌تاڵ كرده‌وه‌

سێرینا قۆناخی دووه‌میشی بڕی

k24 ـ هه‌ولێر

قۆناخی دووەمی پاڵەوانییەتیی ئوسترالیای کراوە دەستی پێ کرد  لە یەکەم یاری خۆی لەم قۆناخە زلھێزەکەی جیھان سێرینا ویلیامزی ئەمریکی و یەکەمی خانمە تێنسزانەکانی جیھان زۆر بە ئاسانی لە (سوو وی ھسی) تایوانی بە ئەنجامی دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر بردەوە، ئەنجامی کۆمەڵەکانیش (6 ـ 1) و (6 ـ 2) بوو بەو ئەنجامەش سێرینا سەرکەوت بۆ قۆناخی سێیەم و بەردەوامە له‌ ھەڵمەتی پارێزگاریکردن لە ناسناوەکەی ساڵی پاری پاڵەوانییەتی ئوسترالیای کراوە.

لە یارییەکی تردا ئانیسکا رادڤانسکای پۆڵەندی ھەموو خەونەکانی (ئۆجینی بۆشار)ـی کەنەدی بەتاڵ کردەوە و زۆر بە ئاسانی بە ئەنجامی دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر یارییەکەی لێ بردەوە و کردییە دەرەوەی پاڵەوانییەتییەکە، ئەنجامی کۆمەڵەکانیش (6 ـ 4)، (6 ـ 2) بوون.

پاڵه‌وانییه‌تیی ئوسترالیای كراوه‌ یه‌که‌مین زنجیره‌ی پاڵه‌وانییه‌تییه‌‌ گه‌وره‌کانه‌ که‌ به‌ "گراند سلام" ناسراون، پاڵه‌وانییه‌تیی میلبۆرن ـیشی پێ ده‌گوترێت، رۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕابردوو به‌ به‌شداریی 128 تێنسزان له‌ کوڕان و کچان ده‌ستی پێكرد، سیستەمی پاڵه‌وانییه‌تییه‌كه‌ بە شێوازی بەرەنگاربوونەوەی تاکییە، واته‌ دۆڕاندن لە هەر یارییەک راسته‌وخۆ ماڵئاوایی له‌ پاڵه‌وانییه‌تییه‌كه‌ ده‌كات.